کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێنێراڵ "ئەیال زەمیر": پێویستە فەرماندە و دامەزراوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بکرێنە ئامانج

18:15 - 15 پووشپەڕ 2722

ژێنێراڵ "ئەیال زەمیر" یەکێک لە پاڵێوراوانی پۆستی فەرماندەیی گشتیی ئەرتشی ئیسرائیل وتوویەتی کە ئامانجیان لێدانی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و بەڕێوەبردنی چالاکیی نیزامیی نهێنی بۆ لەنێوبردنی فڕۆکە و مووشەکەکانی ڕێژیم لە ئێراندایە.

ناوبراو ماوەی یەک ساڵە کە وەکوو کارناسی نیزامی لە دامەزراوەی واشنتۆن چالاکیی هەبووە و سپای تێرۆریستی پاسدارانی وەکوو کۆڵەکەی ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

"زەمیر" هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای سپای پاسدارانەوە هەوڵ دەدات کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بابەتێکە کە یەکیەتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی سوننە مەزهەبی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

ئەو پێی وایە کە لە هەر ئامرازێک بۆ گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و لاوازکردنی سپای تێرۆریستی پاسداران پێویستە کەڵک وەربگیرێت.

سپای تێرۆریستی پاسداران بە سەرچاوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لە کاروباری حکوومەتەکان و بەڕێوەبردنی کاری تێرۆریستی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەناسرێت، هەر بۆیە لەلایەن ئامریکا  و ئیسرائیلەوە پێشگیریی لێ دەکرێت.