کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانکۆوێر؛ لە دووەمین ساڵڕۆژی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو

10:53 - 26 بەفرانبار 2721

لە دووەمین ساڵڕۆژی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بوئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، بە پەدافەندی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە بەشداریی بنەمەڵەی قوربانییان، ئێرانییانی دانیشتووی کانادا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ڕێوڕەسمێک لە شاری "ڤانکۆوێر" بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربووان ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێرانیان بەئەنقەست وەسف کرد و جەختیان کردەوە کە دەبێ دۆسیەی قوربانییان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە درێژەی پێ بدرێت.

هەروەها "کەنێدی ئێستوارت" شارەداری "ڤانکۆوێر" خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بووئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین لەلایەن پەدافەندی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەک هەوڵێکی تێرۆریستی ناساند و داوای لە وڵاتی کانادا کرد بۆ بەڕێوەچوونی دادگایەکی داداپەروەرانە لە تەواوی هێز و توانای خۆی کەڵک وەربگرێت.

لەوبارەوە لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیانییەیەکدا پشتیوانیی خۆی لە هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵەی قوربانییان بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دۆسیەی قوربانییەکانیان دەربڕی.

 ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، فڕۆکەی بووئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.