کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی "کرونا" لە چین، گیانی ٢٦ کەسی ئەستاند

12:51 - 5 رێبەندان 2719

دوڵەتی چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هەناسەکێشانی "کرونا" کە گیانی ٢٦ کەسی لەو وڵاتەدا ئەستاندووە، بەشێک لە دیواری گەورەی چین و تۆڕی گواستنەوەی لە ١٠ شاردا داخست و بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، زیاتر لە ٨٠٠ کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە.

تۆڕی تەندروستیی جیهانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نەناسراوە، لە وڵاتی چیندا "بارودۆخی نایاسایی" ڕاگەیاند.

هەروەها داخرانی تۆڕی گواستنەوەی ١٠ شاری چین لە بەرەبەری ساڵی نوێی ئەو وڵاتە، بوو بەهۆی سەرلێشێواویی ١٠ ملیۆن کەس.

هەروەها تەلەڤیزیۆنی چین، ڕۆژی هەینی، بەبێ وردەکاری، ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە شورای حکوومەتی پێک هێنراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ئەو تەلەڤیزیۆنەدا هاتووە کە ئەو ڤایرۆسە هەتا ئێستا چارەسەریی بۆ نەدۆزراتەوە و بەرپرسان و ناوەندە خۆجێییەکان دەبێ بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، هەوڵی زیاتر بدەن.

هەتا ئێستا ٦ جۆر ڤایرۆسی کرونا دۆزراوەتەوە و بەم حاڵەتش بووە بە ٧ جۆر.