کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "کرونا" لە کوردستان

12:18 - 15 رێبەندان 2719

دەنگۆی ئەوە هەیە ڤایرۆسی "کرونا" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو بووەتەوە و هاووڵاتییەکیش به‌هۆی تووشبوون بەم ڤایرۆسەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، لە کوردستان یەکەم کەس کە تووشی ڤایرۆسی کرونا بووە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لەژیر چاودێریدایە.

ڕێژیمی ئێران به‌نیسبەت بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لە هەمانکاتدا نامەی "نهێنیـ"ـی بۆ سەرجەم بێهداشت و ناوەندەکانی پزیشکی به‌نیسبەت ئەو نەخۆشییەوە ناردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی "تەجریش" لە تاران باسی لەوە کرد کە کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە وتوویانە ڤایرۆسی کرونا گەیشتووەتە ئێران و ئاگاداری خۆتان بن.

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی بڵاو نەکردووەتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم لە وەزارەتی تەندروستی هەتا چەند ڕۆژ پێش باسیان لەوە دەکرد کە ئەو نەخۆشییە لە پشت سنوورەکانە.

"سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ پێشگرتن لە ڤایرۆسی کرونا گرتووەتە بەر، بەڵام هەر ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە چەند هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکان قەرەنتینە کراون.