کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران سەرپۆشی لەسەر دادەنرێت

10:51 - 18 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام باس لەوە دەکات کە هیچ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە، ئەو بێدەنگییە خەڵکی تووشی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ کردووە.

باس نەکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و نەبوونی ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە خۆی هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ تەندروستیی خەڵکی ئێران و کوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەو کەسانەی کە باسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، لێپێچینەوەیان لێ دەکرێت.

لە پارێزگای سنە هاووڵاتییەک بههۆی بڵاوکردنەوەی گرته ڤیدیۆیەک لە کەسێکی قەرەنتینەکراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

چاودیرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەیکە خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن، بە هیچ جۆرێک هەواڵێکی ڕاست لەبارەی ئەو نەخۆشییە بڵاو ناکەنەوە.

چاودیرانی سیاسی هەروەها دەڵێن، ئەگەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە ئێراندا بکات، ئەوە خەڵک بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان بەشداری لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەنداندا (٢٢ بهمن) ناکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران به‌نیسبەت ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری نەخۆشخانەکانی ئێران و کوردستاندا ئامادەباشیی ڕاگەیاندووە.

کاربەدەستانی تەندرووستیی ڕێژیم لە نامەیەکی تەواو "نهێنیـ"ـدا داوایان لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکان کردووە کە باس لە نەخۆشیی کۆرۆنا نەکەن.