کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان هەروا قوربانی دەگرێت

18:34 - 2 پووشپەڕ 2720

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا بەردەوام لە ئێران و کوردستان لە هەڵکشاندایە و بەم هۆیەوە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی قەیرانیدان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١١٩ کەس لە ئێران بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییان گەیشتووەتە ٩ هەزار و ٧٤٢ کەس.

هەروەها لەو ماوەیەدا ٢ هەزار و ٥٧٣ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٢٠٧ هەزار و ٥٢٥ کەس.

پارێزگاکانی کوردستان بەهۆی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییەوە لە دۆخێکی مەترسیداردا بەسەر دەبن.

لە ئیلام ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون ڕێکۆردی شکاند.

''کەریمییان'' بەرپرسی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام ڕایگەیاند کە ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانە خەوێندراون گەیشتووەتە ٨٢ کەس، کە لە سەرەتای تەشەنەسەندنی ئەم پەتایە ئەمە زۆرترین ڕێژەیە.

هەروەها ناوبراو بەنیسبەت دۆخی ئەو پارێزگایە هۆشداریی داوە.

ئاماری قوربانییان بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە پارێزگای ئیلام گەیشتووەتە ٧٨ کەس.

هەروەها لە مەهاباد بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخێکی مەترسیدار پێک هاتووە و لەسەر داواکاریی یەکیەتیی سێنفییەکان و کەسانی باوەڕپێکراو لەو شارە، بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دووکان و بازاڕی ئەو شارە دادەخرێن.

لە شاری نەغەدەش بەهۆی مەترسیی پەتای کۆرۆنا دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە و هەموو شەقامەکانی ئەو شارە دژەگەند کراوە.

هەروەها لە پارێزگای کوردستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٢٥٥ کەسی دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و ٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.