کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی کۆرۆنا یان بارانی ڕەحمەت؟!

18:03 - 3 رەشەمه 2719

حەسەن ساڵحزادە

لە حاڵێکدا کە ماوەیەکی زۆرە بەشێکی بەرچاو لە میدیاکارانی سەربەخۆ بە هێنانەوەی کۆمەڵێک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر پێداگری لەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی گەیاندووەتە پانتایی کۆمەڵگەی ئێران، کەچی بەرپرسانی ڕێژیم هەتاکوو ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە بە ئاشکرا خۆیان لەو ڕاستییە دەدزییەوە و لە هەر چەشنە گومانێک خۆیان دەبوارد. بەرپرسانی پارێزەری دەسەڵاتی ستەم‌ و تاوان کە ژیان‌ و سامانی خەڵکی ئێرانیان وەقفی مانەوەی نیزام و جینایەتە یەک لە دوای یەکەکانی کردووە، بەر لەوەی کە خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕووداوەکان ئامادە بکەن، بیر لە مەسڵەحەتی نیزام دەکەنەوە کە لە یەکەماتەتیدایە. ئەوان هەتا ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە پێیان وابوو کە ئەگەر باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو خەڵکدا بکەن، ڕەنگە شانۆگەرییە فێڵاوییەکانی هەڵبژاردنیان بە دڵخوازی خۆیان بۆ نەچێتە سەر و چیدی نەتوانن مانۆڕی لەسەر بدەن.

خامنەیی وەک ڕێبەری موتڵەقی نیزام‌ و یەکە بە یەکەی مۆرە جینایەتکارەکانی دیکە، لە ئاستی خۆیانەوە ئەو ویستەیان نەشاردووەتەوە کە خێزەرەکردنی بە لێشاوی دەنگدەران بۆ سەر سەندووەکانی دەنگدان، سەرخۆشیان دەکات. ئەوان کە لە هەمووان باشتر دەزانن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵکیان بە دەستەوە نییە، پەنا بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایی ساختە دەبەن و بۆ ئەم مەبەستەش پرسی هەڵبژاردن نیشانە دەکەن. لێرەدا زاتی هەڵبژاردن مانای ڕاستەقینەی خۆی نامێنێت و وەک ئامرازێک لە خزمەت درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی دیکتاتۆر چاوی لێ ‌دەکرێت، هەر بۆیە لەلایەن ڕووناکبیرانەوە بە شانۆی هەڵبژاردن ناوی دەرکردووە.

لە میانەی شانۆگەرییەکاندا ئەگەر بەرپرسان هەست بەوە بکەن کە نەخشەکانیان سەر ناگرێت و کۆسپێک هاتووەتە سەر ڕێیان، مرۆڤەکان بە ساناهی دەکەنە قوربانی و بە بیانووی ئەوەی کە کۆشکی ویلایەتی فەقیهـ لە مەترسیدایە دەست لە هیچ جینایەتێک ناپارێزن. دەسەڵاتداران لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆیان بانگیان هەڵداوە کە نوێنەرایەتیی خودا لەسەر زەوی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پەنابردن بۆ هەر جۆرە دەسیسەیەک بە ڕەوا دەزانن.

لەنێو نیزامی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیهـی تاراندا، باسکردن لە پەتای کوشەندەی کۆرۆنا هەتا ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە بە زیانی دەسەڵاتداران تەواو دەبوو، لە بەر ئەوەش بڕیاریان دا بە هەر نرخێک بێت دەبێ ڕێگەی ئینکار بگرنە بەر و حاشای لێ ‌بکەن. سەیرتر تەنانەت کەسانێکیشیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری دەسبەسەر کرد. سەرەتا ترسیان لەوە بوو کە درزکردنی هەواڵی ڕاستییەکان کار بکاتە سەر ڕێژەی بەشداربوونی شانۆکەیان. لە ساتە سەرەتاییەکانی دەستپێکی شانۆگەریی ٢ی ڕەشەمە کە هەستیان بەوە کرد بەشدارییەکان لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نین، ڕووی جادوویی خۆیان وەرچەرخاند و بەفەرمی و نیوەفەرمی زەمینەی هەڕەشەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارەیان وردە وردە بە گوێچکەی خەڵکدا چرپاند.

پارێزەرانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی، هەنووکە کە دەبینن کۆتایی بە گەڵاڵەی لە پێش داڕێژراوی هەڵبژاردنەکانیان هاتووە، جیا لەوەی کە چیتر لە هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە سڵ ناکەن، بە پێچەوانە بانگەشەی بۆ دەکەن وەک دەرفەتێکی "ئیلاهی" بە پێشوازیەوە دەچەن. ئێوارەی ٢ی ڕەشەمە، بەرپرسان وەها بە سەرسامی ئامارە کەڵەکە کراوەکانیان سەبارەت بە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاوکردەوە کە ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی هاتە دەنگ و دۆخی تەندروستیی ئێرانی بە مەترسیدار لە قەڵەم دا.

هەروەک ئاشکرایە، بارودۆخی ئابووری، دیپلۆماسی‌ و سیاسیی ئێران لە هەر وەختێکی تر قەیراناویترە‌. هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ دەربازبوون لەم قەیرانگەلە بەردەوام لەگەڵ بێ‌هیوایی‌ و شکست ڕووبەڕوو دەبێتەوە، هەروەها پەیوەست بوونی دەسەڵاتی تاران بە لیستی ڕەشی گرووپی کردەوەی ماڵی (FATE)، دۆخەکەی زیاتر لە جاران لێ ئاڵۆز کردن. 

بە کورتی، هۆکاری ئەوەی کە ڤایرۆسی کوشەندەی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران وەکوو دووهەمین شوێن، واتە دوای چین بڵاو بووەتەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و بەشێکیش بە پلانی ئامانجدار و بەئەنقەست لێکی دەدەنەوە. ئێستا ئەگەر وڵاتی ئێران دوای چین مەترسیدارترین وڵات لە جیهانە کە نەخۆشیی کۆرۆنای تێیدا گەشەی کردووە، دەبێ زۆر بە نیگەرانییەوە لە دەرنجام‌ و پێشهاتەکانی بڕوانین. چونکوو بە هەڵسەنگاندنێکی خێرای بەرایی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم دوو وڵاتە لە زەمینەی هێزی ئابووری و گەشەی هەمەلایەنەوە هیچیان لەیەک ناچێت هەتا بە یەک شێوە بەرەوەڕووی نەخۆشییەکە ببنەوە. بۆ وێنە، لە چین زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس لە قەرەنتینە خراون، نەخۆشخانەی چەندین هەزار تەختی لە ماوەی چەند ڕۆژدا ئامادە کراوە...، بەڵام لە ئێران حەوشی نەخۆشخانەکان بە هەڵدانی خێوەتێک کراوەتە قەرەنتینە، حکوومەت بۆ دابینکردنی دەوا و دەرمانە سەرپێی ‌و سەرەتاییەکان گرفتی جیددیی هەیە. هەر بۆیە لە بابەت چارەسەرکردنی نەخۆشە تووشبووەکان بە کۆرۆنا، ئێران ‌و چین نابێ وەک یەک هەڵسەنگێنین.

ئێستا ڕێژیم لەژێر سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی تۆقێنەری کۆرۆنا دەیەوێت دوو خاڵ بکاتە ئامانج: "لە لایەک بەشداری نەکردنی خەڵکێکی ئەوتۆ لە شانۆگەرییەکانی هەڵبژاردندا بە مەترسیی ئەو نەخۆشییە لێک بداتەوە و لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە لە بەرانبەر گوشاری ئامریکا و هاوپەیماناندا خۆی بە ستەملێکراو نیشان بدات، هەتا بەشکم دەلاقەیەک لە هیوا بە ڕووی دەسەڵاتە جینایەتکارەکەیان بکرێتەوە و لە داڕمانی یەکجارەکی خۆ بپارێزن.

لەخۆڕا نییە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئاخوندەکان وەک بارانی ڕەحمەت وایە کە دەڵێن: "ئەگەر ببارێت ئاشیان دەگەڕێت و ئەگەر نەشبارێت جووتیان دەگەڕێت".

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.