کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران و ئابوورییەکەی

15:51 - 29 رەشەمه 2719

شەماڵ مینبەری

لە جیهاندا نزیکەی چوار مانگە ڤایرۆسی (Covid-19)  کە بە کۆرۆنا ناسراوە سەری هەڵداوە و بە گوێرەی داتا و زانیارییەکان ئەم ڤایرۆسە لە ١٧٠ وڵاتدا بڵاو بووەتەوە و تا ڕۆژی ١٨ی مارس، ٢٠٦ هەزار و ٣١٨  کەسی ئالوودە کردووە و ٨ هەزار و ٢٧٢ کەسیان گیانیان لەدەست داوە، ژمارەی ئەو تووشبووانەی کە چاکبوونەتەوە گەیشتوونەتە ٨٢ هەزار و ٨٨٩ کەس کە ٧٦ لەسەدی ڕێژەی ئالوودەبووەکان لە هەر چوار وڵاتی چین، ئیتالیا، کۆرەی باشوور و ئێران پێکهاتوون، لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژانە ئەم داتایانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

لە وڵاتی ئێرانیشدا بە گوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی کە وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لە ١٦ی مارسدا بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی ١٤ هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەنێو ٤ هەزار و ٥٩٠ کەسی تەواو ئالوودەبووەکاندا ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ٧٢٤ کەس، بە گوێرەی ئەم زانیارییانەش ڕێژەی قوربانییانی ڤایرۆسەکە بۆ هەر ملیۆن کەسێک دەکاتە ٧.٣ کەس، بەم ڕێژەیەش ئێران لەڕووی زۆریی ژمارەی قوربانییانەوە پێش لە وڵاتی چینیش دەکەوێت کە لە وڵاتی چیندا بۆ هەر ملیۆن کەسێک ٢.٢ قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕۆژی سێشەممە رایگەیاند،  ڕێژەی قوربانییان بۆ ٩٨٨ کەس بەرز بووەتەوە و ژمارەی تووشبوانیش گەیشتووەتە ١٦ هەزار و ١٦٩ کەس، هەبوونی ئەم داتایانەش سەلمێنەری ئەوەن کە ئێران بووەتە یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم ڤایرۆسە گشتگیر و جیهانییە.

سەرهەڵدانی هەر دیاردەیەکی لەناکاو، یاخود هەر دەردێکی کوشندە لە هەر شوێن و کۆمەڵگایەکدا دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لاسەنگی لە سیاسەت و بارودۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە، ئەگەر وڵاتی تووشبوو خاوەنی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێز نەبێت، بەڵام هەروەک بینیمان ئەم ڤایرۆسە نوێیە کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان هەیە و دەبێت.       

بەڵام ئەم ڤایرۆسە و کاریگەرییەکانی لە وڵاتی ئێراندا دوو بەرابەر بووەتەوە، بۆچی؟

ڕێژیمی ئێران پێش لە تووشبوونی ئەو وڵاتە بەو ڤایرۆسەوە، لە بارودۆخێکی ئابووریی سەخت و دژواردا بوو بەهۆی کەوتنەبەر لێشاوی سزا ئابوورییەکان و لەلایەکی تریشەوە دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە  بازاڕە جیهانییەکاندا و کاریگەریی خراپی ئەو ڤایرۆسە لەسەر تەندروستی و دەروونی خەڵک و ئابووریی وڵاتەکەش لە بارودۆخێکی ناڕوونی سیاسیی دەرەکی و نێوخۆییدا خۆی دەبینێتەوە کە دەتوانێت ببێت بە ڕێچکەشکێن بۆ سەرهەڵدانی گۆڕانکاریی جەوهەری کۆمەڵایەتی و سیاسی.

ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە کە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پەتای کۆرۆنا ئەگەر بۆ هەر وڵاتێک یەک دەرد بێت، ئەوا بۆ سەر ئەو وڵاتە دووجار دەردە!

دوابەدوای سزا ئابوورییەکان و بێ بەهابوونی دراوی ئێرانی لەلایەک و لاوازبوونی بازرگانیی ئەو وڵاتە لاسەنگییەکی گەورە لە باڵانسی دراودا دروست کرد، ئەمەش بووە ڕێگر لە چوونە ژوورەوەی دراوی بیانی و سەرمایە بۆ ئەو وڵاتە و کاتێک دراوی بیانی لە وڵاتدا کەم ببێتەوە بەهای دراوه‌کەی بەرەو داکشان دەچێت و ئەمەش دەبێتە لاسەنگبوونی باڵانسی دراوی ئەو وڵاتە، تەنانەت ئەگەر سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانیش بەو جۆرەی ئێستا توندوتۆڵتر نەدەبوو، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دووبارە بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە نەدەکرد و بەردەوام بەرەو داکشان دەچوو، چونکە بەرهەمهێنەرانی بیانی ناچار نین لە وڵاتێکدا درێژە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بدەن، لە کاتێکدا دراوی خاوەنماڵ بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر هاتبێتە خوارەوە!

 لەگەڵ ئەوەشدا توانای کڕینی دراوی ئێرانی لە نێوخۆی وڵاتەکەشدا بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزێت، بە جۆرێک بۆ بەدەستهێنانی کاڵایەک کە هەمان کاڵا و شتومەکی پێشووترە، هاووڵاتیان ناچارن بە بەهایەکی زۆرتر وەچنگی بخەن.

بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەوەی ئێستا زیاتر بارودۆخی ژیانیان سەختر نەبێت، ناچار بوون بەردەوام کارێکی زۆر لە بەرامبەر موچەیەکی کەمدا ئەنجام بدەن، ناچینە سەر لایەنە کۆمەڵایەتی و شیکارییە دەروونییەکان و کاریگەرە نەرێنییەکانی سەر ژیان و گوزارەنی خەڵکی و ئەو تەوەرانە بۆ خۆتان جێ دەهێڵین، بەڵام لە ئێستادا هاووڵاتییان تەنانەت ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و گەڕانەوە و بەردەوامیدان هێندەی مەترسی لەسەر ژیانیان دادەنێت هێندە یارمەتیی ئابوورییان نادات.

کەوابوو لە قۆناغە بەراییەکاندا زەرەرمەندی سەرەکی هاووڵاتییان و دەستی کارن، ئەم دەستی کارانەش پێکهاتوون لە بنەماڵە و بنەماڵەش لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بناغەی خودی کۆمەڵگاکەیە.

کاتێک کە وڵات دەکەوێتە بارودۆخی سەختی ئابوورییەوە، دوای ئەوەی کە قوڕقوڕاگەی ئابووری وڵاتی گرت، ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی کەرتی گشتی و حکوومەت کە دەبێ شانی خۆی وەبەر دا و بە دوای چارەسەردا بگەڕێت.

ناپرژێمە سەر پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم و ئەو چەواشەکارییانەی کە دەرهەق بەم بارودۆخە سەختە ئابوورییە گیراونەتە بەر، دوا بە دوای سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، بژاردەکانی بەردەمی ئێجگار کەمبوونەوە کە ناچار بوو لەو بژاردانەی کە لەدەرستیدان کەڵک وەربگرێت، بۆ نموونە؛ ئێران و چین ساڵی ٢٠٠٩ کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد کە پێکهاتوون لە سەرمایەگوزاری وڵاتی چین لەنێو وڵاتی ئێراندا کە دەگاتە بڕی ٤٠٠ ملیارد دۆلار بۆ ماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوو، ٢٨٠ ملیارد دۆلاری لە کەرتەکانی نەوت، گاز و پیترۆکیمیی ئێران و ١٢٠ ملیاردەکەی دیکەش لە کەرتەکانی نۆژەنکردنەوە و ژێرخانی گواستنەوە، گەیاندن و بەرهەمهێنانی ئێران، بۆ نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانی پیشەسازیی ئێرانی و ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەکە وڵاتی چین دەبوایە دەستی کاری چینی بەکار بهێنێت و هەر بۆیەش کارناسانی چینی بەپەلە بەرەو ئەو وڵاتە کەوتنە ڕێ و سەیروسەمەرەتر بوونی ئەو ڕێکەوتننامە لەوەدایە کە بۆ بەرقەراربوونی ئەو ڕێکەوتننامەیە بە لانیکەم ٥ هەزار پێرسۆناڵی ئەمنییەتی  بۆ پارێزگاریکردن لە پرۆژە چینییەکان دابین دەکات و بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان بۆ گواستنەوەی هێزی کاری زیاتر بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە گواستنەوەی هایدرۆکاربۆنی کەنداو بەکار دێنێت.

لە لایەکی ترەوە ڕێژیمی ئێران ناچاربوو پەنا بباتە بەر سندووقی نێودەوڵەتی و داوای ئەو ٥ ملیارد دۆلار هاوکارییە بکات کە پێشتر لەلایەن سندووقی نیودەوڵەتییەوە ڕاگەیاندرابوو بە وڵاتانی توشبوو بەو ڤایرۆسەوە هاوکاری دەکرێن و ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئێران بڕە پارەیەکی وەها لە سندووقی نێودەوڵەتی داوا دەکات، هەروەها "عەبدولناسر هیمەتی"، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران هاوکات داخوازیی ئێرانی بۆ ئەو بڕە داواکراوە ڕاگەیاند و پشتڕاستی کردەوە، هەروەها لەو نامەیەی کە بۆ سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتی نووسیویەتی و داوای کردووە کە سندووقی نێودەوڵەتی بەپێی پشکی دارایی ئێران بەپەلە پێویستی بەو ٥ ملیارد دۆلار هاوکارییەی سندووقی نێودەوڵەتی هەیە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە ١٢ی مارسدا لیستێکی لە "گرنگترین پێداویستییەکانـ"ـی بڵاو کردەوە و لەنێو ئەو پێداویستییانەدا کۆمەڵێک ژمارەی ئێجگار گەورە دەبینرێت کە زۆربەیان شتگەلێکی سەرەتایین بۆ ڕووبەروبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بۆ نموونە ١٦٠ ملیۆن دانە ماسک، ١٠٠ ملیۆن جووت دەستەوانە، ١٠ ملیۆن جووت پێداویستییە خۆپارێزییەکانی دیکە وەکوو کڵاو و پۆشاکی تایبەت.

ئەوە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئاماری ٢٠١٥-٢٠١٨ ڕێژەی داهاتی ساڵانەی تاک بۆ تەندروستی ٨.١ لەسەدە و بۆ هەر هەزار کەسێک ١.١ پزیشک و ١.٥ قەرەوێڵەی هەیە.

بە وتەی سەرانی ژووری بازرگانیی ئێران، زیانی ڕۆژانە بەهۆی داخرانی نووسینگە و ناوەندە بازرگانییە گەورەکانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا بە بڕی ١٦٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت، هەروەها دووکانە بچووکەکان و کەرتی تایبەتیش بێبەش نابن لەم داخرانە و هەموویان دەکەونە ژێر کاریگەریی نەرێنیی ئەو دیاردەوە و زەرەرمەند دەبن.

لە دوو حەوتووی یەکەمی ئالوودەبوونی ئێران بە پەتای کۆرۆناوە، بازاڕی بورسی پشکە گرانبەهاکانی تاران بە ڕێژەی ٣.٤٤ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمە لە کاتێکدایە کە دراوی ئێرانی بەهۆی سزا ئابوورییە سەخت و بەردەوامەکانەوە بە ڕێژەی ١٩ لەسەد دابەزیبوو.

داخرانی زۆرەملێی سنوورەکان بەسەر ئێراندا و تەنانەت هەندێک لە سنوورە ئاسمانییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەسەر ئێراندا، لە جێگەی خۆیەوە زیانێکی زۆر بە ئابووریک ئێران دەگەیەنێت.

هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئابووریک ئێران بە خۆیەوە بینیویەتی، بوونەتە دەلاقەیەک بۆ گوزارشت کردن لە بارودۆخی سەختی ئابووریی ئێران، لە هەمووشی خراپتر ئەم کێشە گرنگە ئابوورییانە کێشەگەلێکی پەیوەندیدارن بە سیاسەتی ئەو ڕێژیمەوە و لە بن دەرهاتنیان بەو شێوە سادە و ئاسان نییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.