کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤیدیۆیەک نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران دەستی لە تەقینەوەی نەوتکێشەکاندا هەبووە

16:46 - 24 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئەرتشی ئامریکا لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیێکدا نیشانی داوە کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە تەقینەوەی دوو کەشتیی نەوتکێشدا دەستی هەبووە.

هێزی دەریایی ئەرتشی ئامەریکا، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزردان، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، مینێکی نەتەقیوی لە یەکێک لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە ڕۆژی پێنجشەممە لە دەریای عوماندا هێرشیان کرایە سەر، هەڵدەگرنەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا کە لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکاوە هەڵگیراوە، نیشان دەدات کە بەلەمەکانی گەشتزەنیی سپای تێرۆریستی پاسداران، دوای ڕوودانی تەقینەوەکان، نزیکی کەشتییەک بە ناوی ''کوکوکا کوریجس'' دەبێت و مینێکی نەتەقیو لە بەدەنەی ئەم کەشتییە هەڵدەگرێت.

جیا لەو گرتە ڤیدیۆیە، ئەرتشی ئامریکا چەند وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە مینەکە پێش هەڵگرتنەوەی و لابردنی لەسەر کەشتییەکە نیشان دەدات.

ڕۆژی پێجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی دەریای عومان هێرشیان کرایە سەر و زیانی زۆریان پێگەیشت، لە دوای ڕووداوەکەش، ئامریکا لە ڕێگای وەزیری دەرەوە، ئێرانی بە هۆکاری ڕووداوەکە تۆمەتبار کرد و ئێرانیش بەتوندی ڕەتی کردەوە.