کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی قەدەغە دەکرێت

12:47 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وڵاتانی پرتەقاڵ و پاکستان ڤیزا بە هاووڵاتییانی ئێرانی نادەن و حەسێبی بانکیی ڕێژیمی ئێرانی داخستووە.

حەسێبی بانکیی کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە شاری "کویەتە" لە ئەیالەتی بەلووچستان بەستراوە و هەروەها باڵوێزخانەی وڵاتی پرتەقاڵ لە تاران سەرجەم کاروباری تایبەت بە ڤیزای هاووڵاتییانی ئێرانی هەڵ دەوەشێنەوە.

بەرپرسانی دەوڵەتی پاکستان، هۆکاری داخستنی ئەو حەسێبە بانکیی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ گەمارۆوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان گەڕاندووەتەوە.

بە پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەیشتووە، کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەیییەکان، بلۆکەکرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ڕەوتی هەڵکشانی لە ڕادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.

خامنەیی و ڕۆحانی بەردەوام بە پێداگریی لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو ڕێژیمە، لەسەر بەرنامەی ناوکی، گەمارۆوەکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە، کە گەمارۆوە ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

چوونەدەرەوەی کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێراندا پاش ئەوەی بوو، کە دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڕیاری دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتە دەرەوە.