کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤەندی شێرمەن: دۆخی ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچە بەنیسبەت ڕێککەوتن بە بەرجام گۆڕاوە

12:39 - 14 رەشەمه 2720

"ڤەندی شێرمەن" بژاردەی سەرکۆماری ئامریکا بۆ پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە مەجلیسی سێنای ئەو وڵاتەدا وتوویەتی دۆخی ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەنیسبەت ساڵی ٢٠١٦ـەوە گۆڕاوە و پێویستە ڕێککەوتنێکی بەهێزتر لە ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام بکرێت.

"شێرمەن" لە دانیشتنی پەسەندی سەڵاحییەتیدا سەبارەت بە ڕوانگەی خۆی بەنیسبەت ڕێککەوتنی ناوکی وتوویەتی لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کە ئەو ڕێککەوتنە کراوە، جیهان گۆڕاوە، ڕاستییەکان لە بواری مەیدانیدا و دۆخی ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچە گۆڕاوە و ڕێگای پێشەوەچوونیش دەبێ بگۆڕێت.

"شێرمەن" بە ئاماژەدان بەوەی کە نازانێت سیاسەتی کۆتایی دەوڵەتی نوێی ئامریکا لە بەرانبەر ئێراندا چییە، وتوویەتی کە "جۆ بایدێن" سوورە لەسەر ئەوەیکە ئیزن نەدات ئێران چەکی ناوکیی دەست بکەوێت.

هەروەها ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئێمە بە باشی دەزانین کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕێککەوتنی ناوکی مەودایەکی زۆری هەیە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتوویەتی کە من وا تێگەیشتووم کە دەوڵەتی "جۆ بایدێن" لە هەوڵدایە کە ئێران بە تەواوەتی پێبەند بە ڕێککەوتنی بەرجام بکات و لەکۆتاییدا ئێمەش پێبەند دەبین بە ڕێککەوتنەکە.