کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ کادری دەرمانی و پزیشکیی هۆرمۆزگان داوای دابڕگەکردنی پارێزگاکەیان کردووە

13:34 - 2 پووشپەڕ 2720

پزیشک و کادرە دەرمانییەکانی پارێزگای هۆرمۆزگان بەهۆی دۆخی خراپ و نالەباری ئەو پارێزگایە لە قەیرانی کۆرۆنا، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان لە پارێزگار کردووە کە دابڕگەی گشتی بەڕێوە ببات.

کۆرۆنا پارێزگای هۆرمۆزگانی خستووەتە دۆخێکی ئاوارتە و قەیراناوییەوە و لەم پەیوەندییەدا ٣٠٠ پزیشک و کادری دەرمانیی ئەو پارێزگایە داوای دابڕگەکردنی سەرتاسەریی ئەو پارێزگایەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئیتر توانایان نەماوە.

ئەو پزیشک و پەرستارانە هەروەها ڕەخنەیان لە "سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی ڕووحانی" گرتووە و داواکاری جێگیرکردنی یاساگەلێک و دابڕگەکردنی دوو حەوتوویی ئەو شارە بوون.

ئەو پزیشکانە، ڕاگەیاندنی دۆخی سپی لەلایەن ڕووحانییەوە بە ڕێگاخۆشکەری بەربڵاوتر بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و دەستپێکردنی شەپۆلی دووەمی لەو پاریزگایە دەزانن کە ئێستا لەگەڵ دۆخێکی ئاوا شپرزە بەرەوڕوو بوون.

"قاسم جان بابایی"، جێگری دەرمانی وەزیری تەندروستی وتوویەتی: "دوو حەوتووی داهاتوو بارودۆخێکی ڕوو لە هەڵکشان و پڕمەترسیمان لە بواری کۆرۆناوە دەبێت".

پارێزگای هۆرمۆزگان ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بە شێوەی تەواو داخراوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لەلایەن ڕێژیمەوە دابڕگە ناکرێت.

دۆخی کۆرۆنا لە چوار پارێزگای خووزستان، هۆرمۆزگان، کرماشان و تەورێز سوور ڕاگەیەندراوە.