کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کادرە دەرمانییەکانی پارێزگای ئیلام و کرێکارانی شیرکەتی دارووگەری تاران ناڕەزایەتییان نیشان دا

13:23 - 5 پووشپەڕ 2722

چەند ڕۆژ لە مانگی جۆزەردان تێپەڕیوە بەڵام تا ئێستا کادرە دەرمانییەکانی زانستی پزیشکyی پارێزگای ئیلام مووچەی مانگی بانەمەڕیان وەرنەگرتووە. بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی ئەوەی کە گوایە مووچەی زیادییان پێ دەدەن، لە دانی مووچەی مانگانەی ئەو کارمەندانە خۆیان بواردووە.

ئەو کادرە دەرمانییانە ناڕەزایەتییان نیشان داوە و وتوویانە کە هەر مووچەی مانگانەی خۆیان پێ بدەن، مووچەی زیادییان ناوێت، چونکە دەزانن کە لایەنی پەیوەندیدار لەوبارەوە هیچ پێڕاگەیەشتنێک ناکات.

ئەو کادرە دەرمانییانە هەروەها وتوویانە کە کێشە و گرفتی وەکوو قەرز، وام و قیسد ڕێگا بەوە نادات کە ئەو کادرانە بە خەیاڵی ئاسوودە کارەکانیان بە دروستی بەڕێوە ببەن.

لەلایەکی دیکەوە کرێکارانی کارخانەی شیرکەتی دارووگەری شاری تاران، لەبابەت دواکەوتنی مووچەی چەند مانگیان مانیان گرت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١، نزیک بە ١٠٠ کرێکاری شیرکەتی دارووگەری شاری تاران لە بەردەم بینای ناوەندیی ئەو شیرکەتە کۆ بوونەوە و مانیان گرت.

ئەو کرێکارانە لەبابەت ئەوەی کە مووچەکانیان سێ تا شەش مانگ دوا کەوتووە، مانیان گرتووە.

پێشتریش کرێکارانی شیرکەتی دارووگەری تاران لە ڕۆژەکانی ٧ و ٢١ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو و بەرپرسانی ئەو شیرکەتە بەڵێنیی ئەوەیان دابوو کە سەرەتای مانگی پووشپەڕ مووچەکانیان بۆ دابین دەکەن، بەڵام بە تێپەڕینی چەند حەوتوو لەو کۆبوونەوەیە و تێپەڕینی چەندین ڕۆژ لە مانگی پووشپەڕ، هێشتا ئەو کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە.