کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی سپای پاسداران لە "سنە" خەریکی دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵین

16:01 - 20 سەرماوەز 2721

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، کاربەدەستانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ماڵەکانی خۆیان لە سنە، دەزگای "ماینێریان" بۆ دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵی داناوە.

ئەو کارەی بەرپرسانی سپا لە "سنە" بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشەی کەمی و پچڕانی بەرق بێتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ئیدارەی بەرقی سنە، بەرپرسانی ئیدارەی بەرق هۆشدارییان بە فەرمانبەرانی خۆیان داوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو کارەی پاسدارەکان بدرکێنن یان ئاشکرایان بکەن، ئەگەرنا سزا دەدرێن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، دەزگای دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵی لە هەر ماڵێکی تایبەتیدا ببیندرێت دەبێ ڕێژیم لێی ئاگادار بکرێتەوە و ئەمەش جگە لەوەی دەزگاکانیان دەستی بەسەردا دەگیردرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی جەریمەیەکی قورس بەسەر خاوەن ماڵەکاندا بسەپێندرێت، بەڵام بۆ بەرپرسانی سپا ناوێرن هیچ بڵێن.

ئه‌و سەرچاوەیە‌ وتیشی،‌ دانانی ماینێر لەلایەن بەرپرسانی سپاوە‌ تایبه‌ت بە شاری "سنە" نییە، بەڵکوو زۆربه‌ی‌ شارەکانی کوردستان به‌و شێوه‌یەن و بوونی‌ هه‌زاران ماینێری‌ به‌رپرسانی‌ ڕێژیم‌ له‌ كوردستان کێشەی نەبوون و پچرانی بەرقی لێ کەوتووەتەوە.