کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی شارەداریی ڕێژیم لە شاری مەریوان سەرچاوەی گەندەڵی بوونه

10:28 - 14 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرپێچی و گەندەڵیی ئیداری و ماڵیی کاربەدستانی شارەداریی مەریوان لە ئاستێکدا بووە کە کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم بانگهێشتی دادگا کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەرزی هاوینی ئەمساڵ تیمێک لە کارناسان و مەئموورانی بازڕەسیی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە شارەداریی مەریوان کاریان کردووە و بەڵگە کارییەکانی شارەداریی مەریوانیان تاوتوێ کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد: "ئاکامی لێکۆڵینەوەی ئەو تیمە بازڕەسییەی ڕێژیم ئەوە بووە کە ژمارەیەک لە کارمەندان و کاربەدەستانی شارەداریی مەریوان هەڵبژێردراوی دەورەی چوارەم، به هۆی ئەنجامدانی کاری نایاسایی و گەندەڵی بانگهێشتی ناوەندە قەزاییەکان کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە".

هەواڵنێری کوردستان میدیا جەختی کردەوە، ئەوە یەکەمین دۆسیەی ئەو تاوانبارانەی شارەداریی مەریوانه کە بۆ لقی ٤ی دادگای پارێزگای سنە بانگهێشت کراون.

ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیم لە شاری مەریوان لە ڕێگای "جێەجێکردنی داشکاندنی نایاسایی و عەوارزی شارەداریی" گەندەڵیی ماڵی و ئیدارییان ئەنجام داوە که ئەوەش لە لایەن خودی شۆراوە پەسند کرابوو، ئەگەرچی ئەو بڕیارە لە لایەن شۆراوە پەسند کرابوو و سەرەڕای دژایەتی کۆمیتەی "ئینتباقی فەرمانداری" (انطباق فرمانداری)، لە دوای پەسندکردنی شۆرا و شارەداری دەورەی چوارەمی مەریوان، ئەو پەسندکراوەیان، جێبەجێ کردووە.

بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پەسندکراوە زیانی چەند میلیارد تمەنی بە سیستمی شارەداریی مەریوان گەیشتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە بە دەست ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، نزیک ٢٢ کەس لەو دۆسیەدا وەک تاوانبار بانگهێشت کراون و چەند کەسیان بە دانانی بارمتەی چەند میلیارد تمەنی و چەند سەد میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شاریی پارێزگار کاتێک دیهەوێت وەسیقەی دیاریکراو بە بڕی ٦ میلیارد تمەن بۆ شارەداری پێشووی مەریوان بە ناوی "د.ی" دابنێت، دوای ئەوەیکە خۆی دەناسێنێت، خۆشی وەک یەکێک لە تاوانبارەکان دەناسرێت و بە بارمتەی ١ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد دەکرێت.

١١ کەسی دیکەی شارەداریی مەریوان جیا لە "ع.ن" سەرجەمیان بە دانانی وەسیقەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد دەکرێن.

شوناس و ناوی سەرجەم تاوانبارانی ئەو دۆسیەی گەندەڵییە لەلای ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" (kurdistanmedia.com) پارێزراوە.