کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی پەروەردە و بارهێنان گوشار بۆ بنەماڵەی قوتابییان دێنن

10:39 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی کوردستان و ئێراندا کاربەدەستانی پەروەردە و بارهێنان هەر جارێک و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا داوای پارە لە قوتابییان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەی سەرەتایی "هاجەر گووڵ سفید" (هاجر گل سفید) لە شاری ڕوانسەر، بنەماڵەکانی ناچار کردووە کە چارشێوی نوێژکردن بۆ منداڵەکانیان بکڕن.

کاربەدەستانی ئەو قوتابخانەیە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە، دەبێ چارشێوی نوێژکردن بۆ قوتابییەکانیان بکڕن.

هەر چارشێوێکی نوێژکردن بۆ قوتابییان بڕی ١٠٠ هەزار تمەنە.

بنەماڵەی قوتابییان بەنیسبەت داواکاریی ئەو قوتابخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و وتوویانە ئەو بڕە پارەیە لە توانای بنەماڵەکاندا نییە.

 قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە کرماشان، لە کاتی کرانەوەی قوتابخانەکان لەژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانیان، لە کاتی تۆمارکردنی ناوی قوتابییان، پارەیان لێ وەردەگرن.

کاربەدەستانی پەروەردە و بارهێنان لە کوردستان و ئێران ساڵانە لەژێرناو و بەرنامەی جیاواز پارە لە بنەماڵەی قوتابییان وەردەگرن.

وەرگرتنی پارە لە قوتابییان بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران قەدەغەیە.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە کە قوتابخانەکان بداتە کەرتی تایبەت و لە لایەکی دیکەشەوە بودجەی تایبەت بۆ قوتابخانەکان دابین ناکات.