کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ چەواشەکاری سەردانی گوندەکانی مێراو، نییەر و تەنگیسەریان کردووە

10:37 - 1 خەزەڵوەر 2720

پارێزگاری ڕێژیم لە سنە لەگەڵ فەرماندار، بەخشداری سیروان و کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم سەردانی گوندەکانی "مێراو، نییەر و تەنگیسەر"یان کردووە، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە زۆر بە ساردی پێشوازییان لێکراوە.

هەر وەکوو جارەکانی پێشتر ئەمجارەش کاربەدەستانی ڕێژیم بێجگە لە چەواشە و بەڵێنیدان هیچیان پێ نەبووە.

لەو سەردانەدا پارێزگاری ڕێژیم قەولی قیرتاوکردنی جادەی نێوان نزاز هەتا تەنگیسەری داوە کە زیاتر لە بیست ساڵە هەر درێژەی هەیە و هەر جارە و پێش لە هەڵبژاردنەکان و بۆ فریودانی خەڵک چەند میلیارد بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت کە دوای دزینی بودجەکە، چەند‌ سەد میترێکی لێ قیرتاو دەکەن.

ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی زستاندا بەهۆی ناستانداردبوونی جادەی تەنگیسەر بۆ گوندی "سۆ" دەیان ڕووداوی وەرگەڕانی ماشین و پێکدادان ڕوو دەدات کە بووەتە هۆی برینداربوون و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.

بڕیار بووە کە پردێک لەسەر چۆمی تەنگیسەر کە دووبەری گوندەکە پێکەوە دەبەستێتەوە دروست بکرێت، بەڵام تەنیا بۆ چەواشەکاری دوو کامیۆن خیز و چەند کیسە سیمانی دابین کراوە و دواتر هیچ کارێک نەکراوە.

زۆربەی خەڵکی ئەم گوندانە ئاژەڵدار و باخدارن کە ساڵانە چەند هەزار تۆن لە باشترین جۆرەکانی میوەی تووه فەرەنگی، تووی درەختی، سێو، بەی و گوێز و... بەرهەم دێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ساردخانە، کارگەی بەستەبەندی و بەرهەمە میوەییەکان بە هەرزانترین نرخ و بە دەستی دەڵاڵان ڕەوانەی بازاڕ‌ دەکرێت.