کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم بە دڵی خۆیان شرۆڤەکاری دەکەن

13:04 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: قەیران و لاوازیی ئابووریی لە ئێراندا حاشای لێ ناکریت، لێکۆڵەرێکی سەر بە ڕێژیم، بە دڵی خۆی شرۆڤەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی کردووە و کۆمەڵێک قسەی دوور لە ڕاستی خستووەتە بەردەستی خەڵکەوە.

یەکێک لە لێکۆڵەرانی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی "محەممەدحوسێن ئەدیب" لە شرۆڤەیەکدا کە دوور لە واقعییەتی ئێستای ئابووریی ئیرانە، وتوویەتی: "ساڵی ٩٨ گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵدەوەشێتەوە، ئامریکا ساڵی داهاتوو هەوڵ دەدات ٢٠ لەسەدی دیکە لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە، هەروەها دوای ئەوەی کە لەگەڵ ئێران ڕێک کەوت ئەویش پێش هەڵبژاردنەکانی ئامریکا بە یەکجاری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێ دەهێڵێت".

ناوبراو لەو لێکۆڵینەوەیەدا باسی لەوە کردووە، ئامانجی ئامریکا ئەوەیە نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی جیهاندا بفرۆشێت.

ئەو لێکۆڵەرەی ڕێژیمی ئێران، لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێ دە‌هێڵێت و پێوەندییەکانی لە ناوچەکەدا لاواز دەبێت.

شرۆڤەی ئەو لێکۆڵەرەی ڕێژیمی ئێران لە واقعییەتی سیاسیی ئێستای ناوچەکە و هەروەها سیاسەتی ئامریکا بەدوورە، کە خودی چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن: سیاسەتی ئامریکا لە سەردەمی سەرکۆماریی ترامپدا ڕوون نییە.

هاوکات "برایان هۆک" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی ڕەشەمە، لە دانیشتنێکیدا لە یەکێک لە بیناکانی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاند: کە کۆشکی سپی بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بە دوای ڕێگای نوێدا دەگەڕێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە دوای تەواوبوونی مانگی بانەمەڕدا گەمارۆی نوێ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێرانەوە".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا باسی لەوە کردووە، که زیاتر لە یەک میلیۆن کاری نوێ دروست دەکات؛ بەڵام ئاماری بڵاوکراو لە بنکەکانی ڕێژیم و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی مەجلیس دەرخەری ئەوەیە، کە ڕێژەی بێکاران لە زیادبووندایە و ئەوانەش کاریان هەیە لە دەستی دەدەن.

هاوکات ڕێژیمی ئێران، ئیدعایەکی دوور لە ڕاستی کردووە، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی دیاری نەکردووە، بەڵام پێشبینی کردووە کە دەتوانێت یەک میلیۆن دەرفەتی کار دروست بکات و ئەوەش لە دۆخی ئێستادا کە هەڵاوسان، ئابووریی ئێرانی تەنیوە تەنیا دروشمە.

بوودجەی ساڵی ٩٨ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە، کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە؛ بۆیه لە ساڵی  ٩٨دا ئابووریی ئێران دەڕووخێت.