کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم بە شێوەی نافەرمی باس لە ڕووخانی ڕێژیم دەکەن

11:43 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپاه قودسی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمه، بە شێوەی نافەرمی دانی بەوە داناوە کە دەسەڵات بەرەو نەمان دەڕوات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە نیزام لەژێر هەڕەشەدایە و ئەگەر هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەکان هەڵ نەگرین بەگشتی دەسەڵات لە دەست دەدەین و شتێک بە ناوی "ئینقلابی ئیسلامی" نامێنێت.

لەو بارەوە پاسداری ڕێژیم، قاسم سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا جەختی لەوە کردووە، کە ئیسلام لە ژێر هەڕەشەدایە و "حەوەزوییەکان" دەبێت ئاگاداری پاراستنی نیزام بن.

ئەو کاربەدەستەی نیزامییەی ڕێژیمی ئێران، بە فەرمی دانی بەوە داناوە، کە لە نێوان بیرۆکەی خومەینی و خامنەیی لە زانکۆ و حەوزەکاندا بۆشاییەکی جیدی هەیه.

ناوبراو، لە بەشێک لە قسەکانیدا لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوەش کردووە، ئەگەر ئەو نیزامیە زیانی پێ بگات، لە ئیسلام هیچ نامێنێتەوە و ئیزنی گەڕانەوەی دووبارەمان پێ نادات و بە فەرمی دانی بەوە داناوە کە ئیتر شتێک بەناوی ئێران نامێنێت.

پاسداری ڕێژیم سلێمانی، باسی لەوەش کردووە، کە ئامریکا بۆ نەمانی نیزام لە هەوڵدایە بەرجامی ٢ لەگەڵ ئێمە واژۆ بکات و بەم شێوەیە ڕیشەی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ناوچەکەدا وشک بکەن.

ڕەوتە ئیسلامییەکانی کە ئەو پاسداره تێرۆریستە باسیان لێوە دەکات، گرووپە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکانی ناوچەن، کە بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە هەموو جەنایەتەتێک دەکەن و ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی مادی و مەعنەویان لێ دەکات. هەروەها خودی قاسم سلێمانی خۆی سەرپەرەستیی ئەو گرووپە تێرۆریستانە دەکات.

قسەکانی ئەو پاسدارەی ڕێژیم، لە درێژەی قسەی بەرپرسانی دیکەی ئەو دەسەڵاتەدایە کە جاروبار بە شێوەی فەرمی دان بەوەدا دەنێن کە نیزام بەرەو ڕووخان ڕۆیشتووە و ڕووخانی ئەو نیزامە نزیکە.

فه‌رمانده‌ی به‌سیجی كۆماری ئیسلامیی ئێران، موحه‌ممه‌دڕه‌زا نه‌قدیش، ساڵی ٩٤ له‌ وتاری پێشنوێژی ڕۆژی هه‌ینیی شاری ڕه‌یدا‏‏ وتبووی: جان كێری وەزیری کاروباوی دەرەوەی پێشووی ئامریکا له‌ هه‌وڵی سه‌رخستنی پرۆژه‌ی ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندایه‌.

ئامریکا بەرنامەکانی خۆی بە دژی سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانی پاش هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپ بەرەو پێش بردووە؛ لە یەکەم کردەوەشدا ئەو وڵاتە لە بەرجام کشایەوە، پاشان گەمارۆوەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و دواتر گرووپی کاریی دژی ئەو ڕێژیمە پێک هێنا، کە دەرخەری سووربوونی ئامریکا و وڵاتانی جیهان بە دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێرانە.