کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم لە پیرانشار بەبیانووی باج وەرگرتن گوشاریان بۆ سەر ئاژەڵداران هێناوە

10:19 - 22 رێبەندان 2720

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، فەرمانداری شاری پیرانشار لە پێش هاتنی وەرزی بەهاردا بە بیانووی ئەوەیکە ئاژەڵدارانی زۆربەی گوندەکانی ئەو شارە ئەڵقەیان لە گوێی مەڕوماڵات نەکردووە، سەرەڕای پێنەدانی پشکی کۆنسانترە و جۆ هەڕەشەی لێکردوون کە مەڕوماڵاتەکەیان لێ زەوت دەکات.

هەڕەشەی پێنەدانی پشکی کۆنسانترە و جۆ لەکاتێکدایە کە هەر کیلۆ جۆ لە بازاڕی ئازاد بە ٤ هەزار تمەنە. 

بەپێی بڕیاری کاربەدەستانی ڕێژیم ئاژەڵداران دەبێت بۆهەر سەرێک ئاژەڵ ٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن باج بدەن و ئاڵقەی لە گوێ ئاژەڵەکانیان بکەن، دەنا مافی ئەوەیان نییە لە وەرزی بەهاردا مەڕوماڵاتەکەیان بۆ لەوەڕگەکان ببەن.

هەروەها ئاژەڵداران چەندین جار لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێکراوە ئەگەر مەڕوماڵاتەکەیان ئەڵقەیان لە گوێدا نەبێت، لێیان زەوت دەکرێت.

ئەو هەڕەشانە لە حاڵێکدایە کە ئەمساڵ بە سەدان سەر ئاژەڵی خەڵک لە گوندەکانی پیڕانشار لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە دەستیان بەسەر داگیراوە.