کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگری لەوەڕگە و ژینگەی مەهاباد نادەن

13:04 - 2 گەلاوێژ 2721

لەوەڕگە و ژینگەی ناوچەی شامی شاروێرانی "مەهاباد" کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ، لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیم ئاگری تێ بەردرا، سەرەڕای هەوڵی خەڵکی ناوچە ئەو ئاگرە هەتا ئێستا بەردەوامە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، شەوی ڕابردوو خەڵکی ناوچەی شامی شاروێران بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئاگرەکە دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانی نزیک ئاگرەکە کردووە، هەروەها گیا و گۆڵەکەیان دووریوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەهاباد سەبارەت بە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە هەوڵی پێویستیان ئەنجام نەداوە و هاتنی هێلیکۆپتێر لە "تەورێز" بە مەبەستی ئاگرکوژانەوەی ئەو ناوچەیە تەنیا شانۆیەک بووە و هیچ ئاوێکی پێ نەبووە.

بەهۆی ئەم ئاگر تێبەردانە لە ناوچەی شامی شاروێران سەدان هێکتار لە لەوەڕگە و ژینگەی ئەو ناوچەیە سووتان.

لەوەڕگە و قامیشەڵانەکانی ئەو ناوچەیە شوێنی ژیانی دەیان پەلەوەر و ئاژەڵی جۆراوجۆرە، هەروەها شوێنی لەوەڕگەی مەڕوماڵاتی گوندەکانی ئەو ناوچەیەن.