کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بایەخ بە گیانی هاووڵاتییانی کرماشان نادەن

17:56 - 6 جۆزەردان 2720

لە پارێزگای کرماشان لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام بەرز دەبێتەوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە نابێ بە بیانووی کۆرۆنا بازرگانی دابخەین.

"سۆهراب دڵ ‌ئەنگیز" ئابووریناسێکی زانکۆی "ڕازیـ"ـی کرماشان وتوویەتی، کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان و ئێران داوە و بەشی بازرگانی و ئابووری زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

نابراو وتوویەتی، کارێکی هەڵەیە ئەگەر بەشی ئابووری دابخەین، بەڵکوو دەبێ بە شێوەی تەندروستی چالاکییە ئابوورییەکان دەست پێ بکەینەوە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، کۆرۆنا لە کرماشان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە و کارگە و کارخانەکانی بەرەو داخران بردووە.

ئەو ئابووریناسە باسی لەوە کردووە، کۆرۆنا بوو بەهۆی ئەوەیکە کرێکاران لەسەر کارەکانیان دەر بکرێن.

کۆرۆنا لە کرماشان بەردەوام بەرز دەبێتەوە و گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت، بەڵام ڕێژیم لەو پارێزگایە هیچ کارێکی بۆ خەڵک نەکرد.

ئەو ئابووریناسە لە کاتێکدا باسی بێکاربوونی خەڵکی کرماشان دەکات کە بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان، ٥٠ هەزار و ٧٥٠ کەسی بێکار بوونیان هەیە کە خوێندنی زانکۆشیان تەواو کردووە.

هاوکات نرخی بێکاری لە کرماشان بەنیسبەت نێونجی هەموو ئێران، ٧.٥ لەسەد زیاترە و بەگشتی پارێزگا و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرترین ئاماری بێکارییان لەنێو ئێراندا هەیە.

لەلایەکی دیکەوە کارگە و کارخانەکان لە کرماشان بەهۆی ئەوەیکە بانکەکان پشتیوانییان لێ ناکەن، بەرەو داخران دەچن.