کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بڕیار دەدەن ئینستاگرام فیلتێر بکرێت

12:07 - 3 پووشپەڕ 2720

سانسۆر و فیلتێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەردەوامە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەبەردان کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام (Instagram) فیلتێر بکەن.

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵی زیاتری دنیای مەجازی، ئینستاگرام فیلتێر بکات و نوێنەرانی مەجلیسیش بۆ فیلتێرکردنی ئینستاگرام ڕەخنەیان لە "محەممەدجەواد ئازەریی جەهرۆمی"، وەزیری ئیرتباتاتی ڕێژیم گرتووە کە ناوبراو کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکات.

یەکێک لە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس، ئینستاگرامی به "قەتڵگا" وەسف کردووە و پاسدار "قالیباف" ڕەخنەی لە هەوسارپچڕاویی دنیای مەجازی گرتووە.

بەشێک لە نوێنەرانی دیکەی ڕێژیم ئینستاگرامیان بە مەترسییەکی ئەمنییەتی بۆ سەر دەسەڵات وەسف کرد. "غەزەنفەری ئابادی" بە ناو نوێنەری شاری  "بەم" لە مەجلیسدا وتوویەتی، خێرایی ئینتێرنێت "چەقۆیەکی دوو لەبەیە" کە مەترسییە بۆ سەر وڵات.

پێشتر "جەواد جاویدنیا" سەرپەرستی جێگری فەزای مەجازیی دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران باسی لە فێلتێرکردنی ئینستاگرام کردبوو.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتبووی، بەشی هەرە زۆری زانایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران داواکارن کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام فیلتێر بکرێت.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردووە، لە کاتێکدا دۆلار بووەتە ٢٠ هەزار تمەن، مەجلیس کار بۆ فیلتێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

ساڵانێکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماڵپەڕەکان و سەرجەمی ئەو نەرمئامێرانەی کە لە ئێراندا زۆر بەکار دەهێنرێن، فیلتێر بکات.