کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران جیا لە گەندەڵی دەستدرێژیی جینسی دەکەنە سەر خەڵک

18:29 - 6 بانەمەڕ 2720

چەند کاربەدەستێکی ڕێژیمی ئێران لە مەریوان بە تاوانی گەندەڵی و دەستدرێژی دەسبەسەر کران.

"نێعمەتوڵڵا عەلیزاده کازمزاده" کوڕی "وەلیوڵڵا" خەڵکی "ئەلەشتەر"، ئەفسەری هێزی ئینتزامی کە پێشتر بەرپرسی ئینتزاماتی دادگای مەریوان بووە، بەهۆی پێوەندیی جینسیی زۆرەملێ (تجاوز بە عنف) لەگەڵ ژنێک و دەڵاڵی بۆ هەندێک لە دادوەرەکانی دادگا، لەسەر کارەکەی لا برا.

ناوبراو دواتر گەڕێندرایەوە هێزی ئینتزامی و لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەریوان لە مانگی خەزەڵوەردا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕابوو.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وێڕای دوکتور "پوریا جەوانمەردی" کوڕی "محیەدین"، خەڵکی سنە، وەک سەرۆکی پزیشکی یاسایی مەریوان، بە بەرتیل‌وەرگرتن لە خەڵک، گۆڕینی دۆسیەی خەڵک و هەروەها دۆسیەسازی، گەندەڵیی ماڵییان ئەنجام داوە.

ئەو دوو کاربەدەستەی ڕێژیم لەگەڵ سێ کەسی دیکە دەستدرێژیی جێنسی دەکەنە سەر ژنێک بە ناوی "ئەلف. ی"، خەڵکی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان.

دواتر ئەو ژنە سکاڵا دژی ئەو کەسانە تۆمار دەکات و ڕێژیم بۆ سەرپۆشدانان لەسەر کردەوەی جینایەتەکارانەی ئەو کەسانە، ناوبراو بە تۆمەتی کڵاوبەرداری، پێوەندی جینسی و فریودان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، دەسبەسەر دەکات.

ئەو کەسانە لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی دەسبەسەر کراون و ئێستا لە زینداندان.