کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان یارمەتییە پزیشکییەکانی خێرخوازن بە خەڵک نادەن

12:54 - 17 خاکەلێوه 2720

لە شاری بۆکان ژمارەیەک لە خێرخوازەکان بە کڕین و بەخشینی پێداویستیی خۆپاراستن بۆ پزیشکەکان یارمەتی نیزامی پزیشکیی ئەو شارەیان داوە .

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی تۆڕی تەندروستی و هەروەها نیزام پزیشکیی شاری بۆکان دەستیان بە سەر ئەو پێداویستییانەدا گرتووە و لە جیاتی پێدانیان بە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان، دەستیان بە فرۆشتنیان لە کەرتی تایبەت یان بازاڕەکاندا بە نرخێکی گران کردووە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن دوای گیان لەدەستدانی "شێخ ئاقایی" یەکێک لە پێرسۆنێلەکانی نەخۆشخانەی بۆکان کاروباری ئەو نەخۆشخانەیە تووشی بێسەروبەرەیەکی زۆر بووە.

ئەو کەلوپەلە پزیشکیانە کە نادرێن بە خەڵک لە بازاڕدا دەفرۆشرێنەوە.

گیانلەدەستدانی پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان لە ئێران و کوردستان بەهۆی کەمی و هەروەها نەبوونی پێداویستیی خۆپاراستن، کاریگەریی لە سەر دۆخی کادری دەرمان داناوە .

دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتنی ئەو پێداویستییانەی کە بە شێوەی خێرخوازانە بە نەخۆشخانەکان بەخشراون لەحاڵێکدایە کە خودی رێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێک بۆ دابینکردنی ئەم کەرەستانە هەڵناگرێت و مامەڵە بە گیانی خەڵک دەکات.

 لەم دۆخە قەیراناوییەدا خێرخوازان و کەمپەینە خەڵکییەکان بە سێوازگەلی جۆراوجۆر بە هانای خەڵکەوە دەچن و یارمەتییان دەدەن.