بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە شاری "کارزان" سەر بە پارێزگای ئیلام ڕێگەیان نەداوە هاووڵاتییان لەو شارە جێژنی نەورۆز بەڕێوە ببەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئیتلاعاتی سپا و "ئەڵڵانوور کەریمی تەبار" پێشنوێژی هەینیی شاری ئیلام لە بڕیارێکدا ڕایانگەیاندووە کە نابێ هیچ ڕێوڕەسمێک لەو پارێزگایە بەڕێوە بچێت و ڕێگەشیان نەداوە خەڵکی شاری "کارزان" ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە ببەن.
ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی جێژینی نەورۆز لە شاری "کارزان" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و پێشنوێژی هەینیی ئیلام لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردووش ڕێگەیان نەدابوو هاووڵاتییان جێژنی نەورۆز لەو شارە بەڕێوە ببەن.
هاووڵاتییان لە کوردستان لە حاڵێکدا بەرەوپیری ساڵی نوێوە دەچن و جێژنی سەری ساڵ بەڕێوە دەبەن کە ڕێژیم بە تەواوی لە هەوڵدا بوو ڕێگە نەدات ڕێوڕەسمە خەڵکییەکان لە کوردستان بەڕێوە بچن.