کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ئێران ئاگری دارستانەکانی تورکیە دەکوژێننەوە بەڵام زاگرۆس بەئەنقەست ئاگر تێبەردەدەن

18:48 - 8 گەلاوێژ 2721

دارستانەکانی "مانڤگات" لە پارێزگای "ئانتالیا"ی تورکیە ئاگری تێبەر بووە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و ڕووبەرێکی زۆر بەهۆی ئەو ئاگرە لەنێو چووە.

ئێستا ئاگری دارستانەکان لە "ئانتالیا" بەردەوامە و دارستانەکان لە ئاگردا دەسووتێن.

لەو پێوەندییەدا "محەممەد نووری ئالی ئاقا" سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵ و پشتیوانیی کوژاندنەوەی ئاگر لە ڕێگای ئاسمانی وتوویەتی: "ئامادەین بۆ کوژاندەوی ئاگری دارستانەکانی "ئانتالیا".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی لەسەر بڕیاری وەزیری بەرگری چەند هێلیکۆپتێر و یەک فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندەوی ئاگری دارستانەکانی "ئانتالیا" ئامادەیە.

ئەو ئامادەبوونەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ دارستانەکانی "ئانتالیا" لە کاتێکدا دایە کە ماوەی چەندین ڕۆژە دارستانەکانی مەریوان ئاگریان تێبەر بووە هیچ کاربەدەست و ئۆرگانێکی ڕێژیم بۆ کوژاندنەوەی دارستانەکانی هەوڵێکیان نەداوە.

لە کاتی ئاگرتێبەربوونی تاڵاوی ناوچەی شامی شاروێرانی "مەهاباد" داوا لە ئاگرکوژێنەوەی تەورێز کرا بۆ کوژاندنەوەی ئەو تاڵاوە هاوکاری بکەن، بەڵام ماشینەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاویان پێ نەبوو و سەیری سووتانی ئەو ژینگەیەیان کرد.

هاوکات لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی "ئەرسەنجان" لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ لە پارێزگای فارس ڕێژیمی ئێران تەنیا دوو "گوێدرێژ"ی (کەر) بە کارمەندانی ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکان دابوو کە بڕۆن ئاگرکە بکوژێننەوە.

ئەو ئیقدامانەی ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و ئێران.