کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستە لێوبەبزەکەی ڕێژیم بوو بە مۆرەی سووتاو

17:00 - 7 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: "محەمەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەست لەکارکشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و وازی لە پۆستەکەی هێنا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، شەوی یەکشەممە ۷ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڵاویان کردەوە کە "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، دەست لەکارکشانەوەی خۆی بە بەرپرسانی ڕێژیم ڕاگەیاند و وازی لە پۆستەکەی هێناوە.

کەمێک پاش بڵاوبوونەوە ئەو هەواڵە، "جەواد زەریف"، لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی فەرمیی ئینستاگرامی خۆیدا، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و نووسیویە: "بۆ ئەوەی کە ناتوانم خزمەتی زیاتر بکەم و سەبارەت بە هەموو کەموکۆڕییەکانیش لە دەورانی خزمەتی مندا، داوای لێبووردن دەکەم".

دواتر عەباس مووسەوی، جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیم (ئیرنا)، هەواڵی دەست لەکارکشانەوە محەممەدجەواد زەریفی پشتڕاست کردەوە.

لەم پەیوەندییەدا، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "سەرەنج دەدەینە هەواڵی دەست لەکارکشانەوەی زەریف، دەبێت بزانین حەتمی دەبێتەوە یا نە. بە هەرحاڵ زەریف و حەسەن ڕۆحانی کەسانێکی بێدەسەڵاتن و تەنیا دێکۆری بێکەڵکی (فاسد) مافیای مەزهەبین. ئێمە دەزانین کە ئەوە خامنەیییە بڕیاری کۆتایی دەدات".

پۆمپێئۆ، لە بەشێکی تری تویتەکەیدا نووسیویەتی: سیاسەتەکانی ئێمە نەگۆڕن و ڕێژیمی ئێران دەبێت وەکوو وڵاتێکی ئاسایی (نۆرماڵ) لەگەڵ خەڵکەکەی هەڵسوکەوت بکات و ڕێز لە خەڵکەکەی خۆی بگرێت.

هەروەها دەست لەکارکشانەوەی "جەواد زەریف" لە نێوان چالاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان له نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا دەنگدانەوەی زۆر هەبووە و پێیان وایە کە بە هۆی گوشارە نێوخۆیییەکانی دەسەڵاتەوە وازی لە پۆستەکەی هێناوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم، پێشتریش چەندین جار دەست لەکارکشانەوەی خۆی ڕاگەیاندبوو، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، وێڕای پەسەند نەکردنی دەست لەکارکشانەوەی زەریف، بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەیان بە درۆ دەخستەوە و بە دەنگۆ و قسەڵۆکی دەرەکی پێناسەیان دەکرد.

دەست لەکارکشانەوەی ئەوە کاربەدەستە پلەبەرزەی ڕێژیم لە دوو ڕەهەندەوە شرۆڤه دەکرێت.

ڕەهەندی دەرەکی: ناوبراو ئەگەرچی وەک "پیاوانی ناوکیـ"ـی ڕێژیم لە بەیەتی ڕێبەریدا کاری دەکرد و مۆرەی گوێلەمست بوو و وەک مێعماری ڕێککەوتنی ناوکیی ناوی لێ دەبردرا، بەڵام دەرکەوت کە ناوبراو لە ئاستی پلەی خۆیدا تەنیا جێبەجێکاری بڕیارەکانی خامنەیی بووە و بە فێڵ و درۆ تەنیا کڵاوی لەسەر وڵاتانی ئورووپایی دەنا، کە ئاکامەکەی بەم چەشنە دەرکەوت.

رەهەندی نێوخۆیی: زەریف لە سیاسەتی نێوخۆیدا بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە ئێمە توانیومانە ڕێککەوتنی ناوکی واژۆ بکەین و کار دابین بکەین و ئابووری وڵات ببۆژێنینەوە. ئەو ئیدعایەی ناوبراو بەردەوام لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ڕەخنەی لێ دەگیرا، کە زەریف بە پێکەنین و لە ئامێزگرتنی بەرپرسانی ئورووپایی زەربەی لە وڵات داوە. ناوبراو لە ئاستی نێوخۆییدا گەیشتە جێگایەک کە نوێنەرانی دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس ویستیان لێپرسینەوەی لێ بکەن، بەڵام بە بڕیاری خامنەیی هەڵوەشایەوە.

دەست لەکارکشانەوەی زەریف، دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی سیاسیی ڕێژیمی ئێران لە چ دۆخێکدایە و قسە و ‌کردەوەکانی ڕێژیم تەنیا دروشم و شانۆیە.