کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتی گوشار

17:03 - 25 جۆزەردان 2720

ڕێبین

کارتی گوشار بریتییە لەو ئامێر و کەرەستە و مێکانیزمگەلەی کە کەسێک، لایەنێک یان دەوڵەتێک بۆ گوشار خستنە سەر بەرامبەرەکەی بەکاری دێنێت. کارتەکان ڕەهەندەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و چەکداری و... دەگرێتە خۆی. بەڵام لە ئەمڕۆدا بە زۆری پێوەندیی بە باری ئابوورییەوە هەیە. هەڵکەوتی ستراتیژیک، جۆری دەسەڵاتی سیاسی، باری ئابووری و... کاریگەریی لەسەر بەهێزی و لاوازیی کارتەکان، کەم و زۆریی کارتەکان و... هەیە. بۆ نموونە لایەنێک یان دەوڵەتێک هەیە دوو کارتی گوشاری بەدەستەوەیە، یان ئەوەیکە کارتی گوشار هەیە تەنیا لەسەر لایەنی شوێن دادەنێت، بەڵام کارت هەیە زەخت دەخاتە سەر چەندین دەوڵەت. پرسی پەنابەران لە تورکیە کارتێکی گوشارە بۆ سەر ئورووپا، بەڵام بەستنی ئاوی دیجلە و فورات تەنیا لەسەر سووریە و عێراق کاریگەرە. ڕێژیمی ئیسلامی بە دروستکردنی گرووپی ڕادیکاڵ و تێرۆریستی لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا وەکوو کارتی گوشار سەبارەت بە بەرامبەرەکەی کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

کوردستان بەگشتی و حیزبەکانی تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەوەندە بەهێز و یەکگرتوو بن کە کارتی گوشار بۆ سەر نەیاران بەکار بێنن، زۆرجار بەداخەوە نەیارانی کورد لە حیزبە کوردییەکان وەک کارتی گوشار بۆ سەر دەوڵەتانی نەیار کەڵکیان وەرگرتەوە، هەر بۆیە حیزبەکان هەوراز و نشێوی زۆریان بەخۆوە دیتووە. هێشتا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە ئاو وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر بەغدا کەڵک وەربگرێت یان ئەوەیکە لە بازرگانیکردنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێسلامیدا، ڕێژیمی ئیسلامی زیاترین قازانج دەبینێت و دەبێ ڕێژیمی ئیسلامی بە جۆرێک بەستراوە و مەمنوونی هەرێم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەروازە سنوورییەکان وەک کارتی گوشار لە دژی هەرێمی کوردستان کەڵک وەردەگرێت.

کوردستانی ڕۆژهەڵات لە داهاتوودا دەتوانێت خاوەنی دەیان کارتی گوشاری بەهێز لە دژی تاران بێت. پرسی ئاو، دەروازە سنوورییەکان، بابەتی کشتوکاڵ،  سەرچاوەکانی دیکەی وەک گاز، نەوت و کانزاکان و... کارتی گوشارن لە دژی ناوەند. بۆ نموونە دەروازەی سنووریی "مێهران" بەهۆی ستراتیژیک بوونیەوە (پردی نێوان کەربەلا و قوم ) ئەگەر لەژێر دەستی لایەنی کوردیدا بێت ئەوا دەتوانێت لە کاتی خۆیدا وەک کارتی گوشار بەکاری بێنێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک بزاوێکی ڕەسەنی ڕۆژهەڵات پێویستە لە ڕوانگەیەکی ئاوەڵاوە تاوتوێی بابەتەکان بکات. "حدکا" دەتوانێت لە داهاتوودا ببێت بە یەکێک لە بەهێزترین بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەگەر "حدکا" بەهێز بێت، لەسەر تاران کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت و ئێرانیش بە حوکمی ژیئۆپۆلیتیک و ستراتیژیک بوونی لە ناوچەکەدا کاریگەریی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەگەر ڕیزەکانی حزبی دێموکرات یەک بگرنەوە و مێکانیزمی نوێ بۆ داهاتوو دیاری بکەن، ئەوا لە چەقبەستوویی هزری و بیری تەسکی ناوچەیی ڕزگاری دەبێت و ئینجا لە ئاستێکی گەورەتردا بڕیار دەر دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویستە لەگەڵ حیزبەکانی سەرتاسەری ئێران و نەتەوەکاندا هاوکاری و هاوپێوەندیی ستراتیژیک و چڕوپڕی ببێت. بزاوی کوردی لە ڕۆژهەڵات و "حدکا" بەتایبەتی پێویستە نەخشەڕێگا و پلانی تۆکمەی نەتەوەیی وەک هێزی نەتەوەیی و... دیاری بکەن و بە ڕێکخستنی بەربڵاو لە ئاستی کوردستان  و ئێراندا مانۆڕی سیاسی بدات. بە ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی

ئەگەر حیزبە کوردییەکان بە شێوەی سەردەمیانە و یەکگرتوو هەڵسوکەوت بکەن، ئەوا چەندین کارتی بەهێزیان بەدەستەوە دەبێت. "حدکا" پێویستە ئەولەوییەت بە ناوچە هەستیار و ستراتیژیکەکان بدات و ڕێخستنیان تێدا بکات. ئەگەر "حدکا" لە نێوخۆدا بەهێز نەبێت، ئەوا باشترین گەڵاڵە و پلانە سیاسییەکانی لەلایەن حیزبەکانی نێوخۆوە وەرناگیرێت و حیزبەکان و لایەنی ناڕەسەن باڵانسەکان لە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی تێک دەدەن. ڕاسان دەبێ بە چڕی کار لەسەر ئەو بەرنامەگەلە بکات و هەنگاوبەهەنگاو بابەت و گەڵاڵەی بخاتە بەردەم بیروڕای گشتی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.