کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتێکەریی گەمارۆکانی ئامریکا لە سەر ئێران

17:30 - 3 رەزبەر 2718

د.رۆژان ئاشتاب

 یەکەمین دەور لە گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا لە دژی ئێران، لە ھەلومەرجێكدا دەستی پێکرد کە لە ھیچ لایەک لەم دوو لایەنە نیشانەیەک لە کەم بوونەوەی گیر و گرفت و نێوان ناخۆشی لە نێوانیاندا نابێندریت.

 بڕیارە لە سەرەتای مانگی نوامبری ئەمساڵەوە گەمارۆ نەوتییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات و کاریگەری و توندیی گەمارۆکان ئەو جار زۆرتر لە جارانی پێشوو دەبێ.

 بێگومان دانڵد ترامپ، سەرۆکی ئامریکا، بە بەراورد لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئامریکا، ھەڵوێستێکی زۆر توندتری لەمەڕ ئێران ھەیە و ھەر لە کاتی پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە تا ئیستا زۆر بە جیددی لە دژی ئێران لێدوان دەدا. ئەو جار لەهەمبەر ئێران ھەواڵێک لەمەڕ سەختتر و توندتربوونی نییە، بەم شێوەیە چاوەڕوان دەکرێ ھەر لە ئێستاوە کڕیاران و سەوداگەرانی نەوت تا پێش گەیشتنی مانگی نوامبر و دەسپێکی گەمارۆ نەوتییە نوێیەکان، وەردە وردە کڕینی نەوت لە ئێران کەم بکەنەوە.

ئەوجار ھەناردەکردنی نەوتی «کاندنس»ـی ئێران کە لە نەوتی خاو سووکترە و لە کێڵگەکانی گازی سروشتی دەردەھێندرێ دەکەوێتە ژێر چەتری گەمارۆکانی ئامریکاوە. دژایەتیی دەوڵەتانی ئورووپایی لە دژی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران ناسراو بە بەرجام ناتوانێ کاریگەری لە سەر ئەو گەمارۆیانە دابنێت، لەوانەیە سیاسەتوانان و یاسازانان تێبکوشن کە ڕێگایەک بۆ کڕینی نەوتی ئێران بدۆزنەوە، بەڵام لە بیرمان بێت کە دەوڵەتەکان کڕیاری نەوت وگازی ئێران نین، بەڵکوو کڕین و فرۆشتنی نەوت لە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکانە، ھەڕەشە بەو لایەن و ڕێگا پێ نەدانیان بە کاری بازرگانی لە بازاڕەکانی ئامریکا و ئاستەنگ کردنی لە سیستمی بانکی ئەو وڵاتانەش ناوێرن نەوت لە ئێران بکڕن و پێیان گوتراوە کە واز لە کڕینی نەوت وگازی ئێران بێنن، لە لایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیا نێونەتەوییەکانی ھەڵگرتنی کەلوپەل و گواستنەوی نەوت لە ڕێگای ئاوییەوە لە گواستنەوی نەوتی ئێران و کۆمپانیا جیهانییەکانی بیمەش لە بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران دوور دەخاتەوە.

 ھەموو ئەوانە و لابردنی ھەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ئاستی جیھانی، گۆڕانکاری لە بازاڕەکانی جیھان بە دوای خۆیدا دێنێ. لە مانگی جولای ئەمساڵەوە ھەناردەکردنی نەوتی ڕەش و نەوتی سووکی ئێران تا ٤٣٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کەمی کردووە کە بەمانای ١٥ لە سەد بە شێوەی گشتی بەبەراورد لەگەڵ مانگی ئاپریل کەمی کردووە واتە تەنیا یەک مانگ دوای ئەوەی ترامپ گەمارۆکانی بۆ سەر ڕاگەیاند، ئەوە لە کاتیکدایە کە ئێستا گەمارۆی نەوتی دەستی پێنەکردووە، لە کاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی جیھان دەرھێنان و بەرھەمھێنان و کڕینی نەوت وگاز وەک «توتال» و «ڕۆیاڵ داچ شێل» ھەر ئێستا کڕینی نەوت و گازی ئێرانیان ڕاگرتووە و بە یەکجاری لە بەرھەمھێنانی نەوت وگازی ئێران کشاونەتەوە، ئەویش لەبەر گەمارۆکانی ئامریکا لە سەر ئێران بووە، ئەو ھەواڵە لەلایەن وەزیری نەوتی ئێران، لە ڕۆژی دووشەمە لە پارلمانی ئێران ڕاگەیێندرا که ساڵی پار، کۆمپانیای تووتال بە فەرمی گرێبەستی پەرەپێدانی فازی ١١ـی پارسی جنوبی بە بەھای ٤ میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن دۆلار لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە، بەڵام ئێستا ئەو شوێنانەی بەجێ ھێشتووە و لە کارکردن لەگەڵ ئێران بە تەواوی پاشگەز بووەتەوە و ئێرانی بەجێ هێشتووە.

 ھەر ئێستا زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی ئورووپا، کڕینی نەوتی ئێرانیان یان ڕاگرتووە یان کەمیان کردووەتەوە، لە مانگی جولای ئەمساڵدا ھاوردەکردنی نەوتی ڕەشی ئێران گەیشتە ٢٤٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژدا، واتە ٤١ لە سەد بەبەراورد لەگەڵ مانگی ئەپریل لە کەمی داوە، بە دوور نازانرێ کە ئەم ڕادەیەش تا مانگی نوامبر بگات بە سفر یان نزیک بە سفر.

 لە وڵاتی تورکیەش کە خۆی وەک هاوپەیمانی ئێران دەنوێنێ، لەمەڕ کڕینی نەوت لە ئێران وەکوو وڵاتانی ئۆرووپایی لە نێو سیاسەتوان و کۆمپانیا نەوتییەکاندا گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە، لە کاتێکدا کە « نیھات زیمکجی» وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتە دەڵێ، گەمارۆکانی ئامریکا ناتوانێ تورکیە بۆ ھاوردەکردنی نەوتی ڕەش لە ئێران ئاستەنگ بکات.

 پاڵاوگەی نەتەویی «تورپاس» لە مانگی ئەپریلەوە تا ئێستا کڕینی نەوتی ئێرانی ٤٥ لە سەد کەم کردووە. لە ویشکاڕۆی ئاسیاش کە گەورەترین بازاڕی نەوتی ئێران لەوێیە و وڵاتی وەک کۆریای باشوور لە کوتاییەکانی مانگی ژووەن کڕینی نەوتی ڕەش و نەوتی سووکی لە ئێران ڕاگرتووە.

 ئەم پرسە بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ئێران ھەستیارییەکی گرنگی ھەیە، چونکە کۆریا لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی سووکی ئێران بە ئەژمار دێ، لە یەک دەوری ١٢ مانگی پێش لە مانگی ژووەنی ٢٠١٨ کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن کۆریاوە ٥٠ لە سەدی پێداویستییەکانی لەخۆ دەگرێ.

ڕەنگە تا ماوەیەکی دیکە گواستنەوی نەوتی ئێران بۆ وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و لەوێشڕا بۆ دەرەوە بە تەواوی ڕابوەستێ.

وڵاتی ژاپۆنیش ھەرگیز لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئامریکا لە دژی ئێران ڕاناوەستێ و تەنانەت لە کاتی سەرۆکایەتیی ئۆباماش وای نەکرد.

 لێرەدا وڵاتانی ھێندوستان و چین جێگای سرنجن، ھیچ یەک لەو دوو وڵاتە تا ئێستا کڕینی نەوتیان لە ئێران کەمی نەکردووە، لەلایەکی دیکەوە ھێندوستان کڕینی نەوتی بە ڕادەیەکی زۆر زیاد کردووە و بە ڕادەیەکی زۆریش لە ئەنبارەکانیدا پاشکەوتی کردووە، بەڵام ئەوە واویدەچێ بە شێوەی کاتی بێت، ڕەنگە ھێند مەترسی ئەوەی ھەبێت کە لەمەڕ پێداویستیی نەوتیی خۆی لە زستانی ئەمساڵ و تا مانگی نوامبر نەتوانێت ئەم کارە بکات.

 ئەم ئامارانە نیشان دەدات کە نەوتی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و لە ماوەی چەند مانگدا ٢٧ میلیۆن بەرمیل لە بەرهەمھێنانی نەوت دابەزیوە. بەم شێوەیە پێشبینی دەکرێ، کەمکردنەوەی کڕینی نەوت لە ئێران لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی و ئیمارات و ژاپۆن، ھەناردەکردنی نەوتی ئێران خۆی لە یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک بکات، ئەوەش ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە بەڕەورووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و لە ماوەی چەند مانگدا ٢٧ میلیۆن بەرمیل لە بەرهەمھێنانی نەوت دابەزیوە.

ئەوەش ڕوونە کە دەبێ ھەر لە ئێستاوە بازاڕی نەوت ئەو کێشەیە بە جیددی وەربگرێ و جێگرەوەیەک بۆ نەوتی ئێران بدۆزێتەوە. بێگومان کەس چاوەڕوانییەکی وەھای لەمەڕ کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا لە سەر ئێران نەبوو، ھەر پاش واژۆکردنی ھەنگاوی یەکەمی گەمارۆکان، بازاڕی ئێران بە تەواوی شڵەژا و بەھای دراوی فەرمی و بەھای ڕیاڵی ئێران بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دابەزی کە بە ھیچ کلۆجێک بە دەوڵەتیش جێبەجێ نابێ و ژیانی میلیۆنان کەسی لە ئێران لە مەترسی ھاویشتووە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ھەروەھا پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستەکان تاوانبار دەکات و دەڵێ ئێران بە دزییەوە خەریکی دروستکردنی چەکی ناوکی و مووشەکی دوورھاوێژە. ئەو گەمارۆیانە لە ڕۆژی ٧ ی مانگی ئوت بەرانبەر بە ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ جێبەجێ کران و کۆمەڵێک شت لەخۆدەگری وەک کڕینی دۆلاری ئامریکایی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێران، ھەروەھا بازرگانیی زێڕ و ئالیمینیۆم و پۆڵا و ئاسن و پیشەسازی لە بواری ماشین سازی لەگەڵ ئێران قەدەخە کران.

لەلایەکی دیکەشەوە ئیزنی ھێنانی کەلوپەل بۆ چاک‌کردنەوە و دروستکردنی فڕۆکەی بازرگانی و نەفەرھەڵگر ھەڵگیرا، سەرەکیترینیان فرۆشتنی فڕۆکەی نەفەرھەڵگر بوو بۆ ئێران - پاش ڕێککەوتنی ناوکی واتە بەرجام - کۆمپانیای بۆئینگ گرێبەستی بە بەھای ٢٠ میلیارد دۆلار بۆ کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی نەفەرھەڵگر لەگەڵ ئێران واژۆ کردبوو کە ئەویش ھەڵوەشایەوە.

دانڵد ترامپ سەرۆکی ئامریکا لە ٨ ی مانگی بانەمەڕ واتە ٨ ی جولای ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کەموکوڕیی زۆری ھەیە و بەم ھۆکارانەش واشنگتۆن لێی ھاتە دەرێ، پریزیدنت ترامپ ھەر لە کاتی هاتنەسەرکاری وڵاتی ئێران بە پێشێلکردنی بەرجام لە ڕێگای گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکی و ئاژاوەگێڕی لە ناوچە و دەستێوەردان و یارمەتی و پشتیوانی ماڵی و مەعنەوی لە گرووپە تیرۆریستییەکان تاوانبار کرد.

مانگی ڕابردوو، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئێران ڕاگەیاند و ھەروەھا گوتیشی کە ئەگەر بێت و ئێران بە ١٢ مەرجی ئامریکا رازی نەبێت و لەگەڵ ئامریکا ڕێک نەکەوێ، گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت.

 تا ئێستا بە ئاشکرایی و ڕاشکاوی ھیچ نیشانەیەک لە ڕێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە لە ئارادا نییە، ھەر چەند چاوەدێرانی کاروباری سیاسیی ئێران بە دووری نازانن ئێران سەر بۆ ئامریکا داخا و لەگەڵ ئامریکا ڕێک بکەوێ و خۆی لە ڕووخان ڕزگار بکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.