کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەکانی ناوچەی لەیلاخ پێبەندی یاسای دابڕگەکردن نین

18:58 - 10 خاکەلێوه 2720

زۆربەی کارخانەکانی ناوچەی لەیلاخ لە پارێزگای سنە لەوانە کارخانەکانی "تەگەرەسازیی بارز و کاشیی کەسرا"، یاسای دابڕگەکردنی گشتی ناپارێزن و گیانی فەرمانبەران و کرێکارانیان لە مەترسیدان.

سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئیش و کارەکان لە بارودۆخی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەستیان لە کارکردن ڕاگرتووە و یاسای دابڕگەکردنی گشتی بەڕێوە دەبەن، هێشتا کۆمەڵێک لە کارخانە و کارگە گەورەکان ئەو یاسایە ناپارێزن و بەردەوامن لە کارکردن.

بەپێی زانیارییەکان کارخانەی "تەگەرەسازیی بارزی کوردستان" کە لە ناوچەی "لەیلاخ" لە پارێزگای سنەدایە و دەوروبەری ٧٠٠ کەس بە بەڕێوبەر و ئەندازیار و کرێکارەوە لەوێ خەریکی کارن، ئێستاکەش کە کۆرۆنا بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر تەندروستیی خەڵک، هێشتا بەردەوامە لە کارکردن.

فەرمانبەران و کرێکارانی ئەو کارخانەیە لە شارەکانی سنە، قوروە، دێولان و تەنانەت دیواندەرە و شارۆچکەی حوسێن ئاوا و گوندەکانی ئەو ناوچەیەوە لەو کارخانەیەدا سەرقاڵی کارن کە کرێکارەکان بە "مینیبووس" دەگوازرێنەوە و ئەمە مەترسییەکە لەسەر تەندروستیی خەڵکی ئەو ناوچەیە و شارەکانی دەوروبەری.

نەتەنیا ئەو کارخانەیە بەڵکوو زۆربەی کارخانە و کانزاکانی تریش بەردەوامن لە کارکردن، لەوانە کارخانەی بەرهەمهێنانی کاشیی "کەسرا" کە لە یاسای دابڕگەکردنی گشتیی کۆمەڵگا لایان داوە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر گیان و تەندروستیی هاووڵاتییان.

ئەو کارخانانە چەندین جار لەلەیەن کەمپەینەکانی شاری دێولانەوە هۆشدارییان پێدراوە، بەڵام لەلایەن بەڕێوبەرانی کارخانەکانەوە پشتگوێ خراوە و چالاکانی مەدەنی داوایان لە کەمپەینەکانی دیکە کردووە کە پێش بەو بێ یاساییە بگرن.