کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی ئاسفاڵتی "گێڵان" داخرا

18:29 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی پاراستنی ژینگەی کرماشان، کارخانەی ئاسفاڵتی گیڵانی بەهۆی پیسبوونی ئەو کارخانە و پیسکردنی هەوا داخست.

"ئازەر وەلیزادە"، جێگری ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیمدا ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای پێدانی هۆشداری بە کارخانەی ئاسفاڵتی گێڵان، بەنیسبەت پیسبوون و پیسکردنی هەوا و گوێ کپکردن لەو هۆشدارییانە، بە حوکمی یاساییەوە، بەپێی دەستووری دۆزگەر و لەسەر داوای ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری گێڵان، ئەو کارخانەیە داخراوە".

"وەلیزادە" ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە دوو ساڵە لە بابەت پیسبوونی ئەو کارخانەیە هۆشداری بە شارەداریی گێڵان درابوو و لە بەرانبەردا شارەدارەکانی گێڵان بەڵێنیگەلێکی زۆریان، لە هەمبەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دابوو، بەڵام لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، هیچکام لەو بەڵێنییانە جێبەجێ نەکران.

ڕەچاونەکردنی پێوەرە ستانداردەکان لە کارخانەکاندا و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم، بەنیسبەت ئەو کێشانەوە، هۆکاری ئەو چەشنە کێشانەن و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی داخرانی کارگە و کارخانەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری.