کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی بۆڵبرینگسازیی تەورێز مایەپووچ بووە

12:25 - 9 جۆزەردان 2721

ئیدارەی کاروباری مایەپووچیی تەورێز ڕایگەیاندووە کارخانەی "بۆڵبرینگسازیـ"ـی تەوریز دوای ٥٠ ساڵ مایەپووچ هاتووەتە دەرێ و ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان لەلایەن دادگوستەریی گشتیی پارێزگای تەورێز لەڕێگای موزایەدە کەلوپەڵی ئەو کارخانەیە دەفرۆشرێن.

کارخانەی بۆڵبرینگسازیی تەورێز لە ساڵی ١٣٤٨ـەوە بە هاوکاریی شیرکەتی SKFـی سوئید دروست کراوە و تەنیا کارخانەیەک بووە کە لە ئێراندا جۆرەکانی بۆڵبرینگ و ڕۆلێری بەرهەم دەهێنا.

ئەو کارخانەیە لە ساڵی ٩١دا بە بیانووی "شەخسی سازی" دراوەتە دەستی کەسانی نزیک بە دەسەڵات و لەو کاتەوە تووشی قەیران بووە و بەشێکی زۆر لە کرێکارانی کارخانەکە لەسەر کارەکانیان دەرکرابوون.

نزیک بە ٣٠٠ کرێکار لەو کارخانەیە خەریک بە کار بوونە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ئەو کرێکارانە بەنیسبەت دۆخی خراپی کارخانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێناوە.