کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی سیمانی "کاوان" له بۆکان تەنگی بە جووتیارانی ئەو ناوچەیە هەڵچنیوە

11:37 - 1 جۆزەردان 2720

ماوەیەکە کارخانەی سیمانی کاوانی بۆکان پاڵوێنەری تۆزی سیمانی لەسەر ئەو کارخانەیە لابردووە و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی تۆز و خۆڵی سیمانی ئەو کارخانەیە بە زەوەیی کشتوکاڵی ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە.

ئەو تۆز و خۆڵە بووەتە هۆی زەرەر و زیانگەیاندن بە بەرهەمی جووتیاران و ئاژەڵدارانی ناوچەکە.

هاوکات کارناسانی ژینگە وتوویانە، بڵاوبوونەوەی تۆز و خۆڵی سیمان لە درێژخایەندا زیان بە خاکی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت و ئەگەر بەم شێوەیە درێژەی هەبێت دەبێتە هۆی داخرانی بەشی جووتیاری و لەنێوچوونی زەویی کشتوکاڵیی ناوچەکە.

کارخانەی سیمانی کاوانی بۆکان کە پاڵوێنەرەکەی لابردووە، جووتیاران بەنیسبەت ئەو کارە هاتوونەتە دەنگ، بەڵام لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە وڵامیان پێ نەدراوەتەوە.

بێ وڵامی و بەدوادانەچوون لەلایەن ڕێژیمەوە بەنیسبەت ئەو ناڕەزایەتییەی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەیکە کارخانەی سیمانی کاوان لەسەر لێنەدانی پاڵوێنەر سوورتر بێت.