کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی "ڕەنگریز" ئیتر ڕەنگ بەرهەم ناهێنێت

12:48 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: گەمارۆوە ئابوورییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەست لە قوڕگی ڕێژیمی ئێران توندتر دەکەن بەم بۆنەوە هەر جارێک کارگە و کارخانەیەک دادەخرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە درێژەی داخرانی کارگە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان بە هۆی قەیرانی ئابووری لە ئێراندا، کارخانەی ڕەنگی "ڕەنگریز" داخراو و ئیتر بەرهەمەکانی لە بازاڕدا دەست ناکەوێت.

"هادی بەتحایی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەو کارخانەیە وتوویەتی: "ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەرهەمهێنەران لە ساڵی ٩٢ـەوە ئیزنی بە ئێمە نەداوە نرخی بەرهەمەکانمان زیاد بکەین. لە لایەکی دیکەشەوە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردووەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو ئێمە تووشی زیان بووینە، بۆیە ناچار بووین، ئەم کارخانەیە دابخەین".

نابراو وتوویەتی: بەرپرسانی وڵامدەری هیچ نییە و قسەکانیان بۆ چارەسەریی قەیران و کێشەکان تەنیا قسەیە.

ئەو بەرپرسەی کارخانەی ڕەنگی ڕەنگریز باسی لەوەش کردووە، ئێمە پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی هەر کیلۆ ڕەنگ بڕی ١٠ هەزار تمەنمان بە "تیتانیۆم" دەدا. ساڵی ٩٦ ئەو بڕە پارەیە گەیشتە ١٢ هەزار تمەن و ساڵی ٩٧ بوو کیلۆی ١٨ هەزار تمەن و ئێستاش ٣٤ هەزار تمەنە".

ئابووریی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوە خراپتربوون دەڕوات. نرخی ڕیاڵ بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرانبەر دۆلار دابەزیوە، کە ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی نالەباری ئابووری بۆ هاووڵاتییانی ئێران کە ڕوونە وەک هەمیشە هاووڵاتییان، قوربانیانی یەکەمی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن.