کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی برایان هووک بە نیسبەت سەفەری ڕۆحانی بۆ بەغدا

12:02 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئیران، سەبارەت بە سەفەری ڕۆحانی بۆ وڵاتی عێراق وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیدایە، نەک بەرژەوەندیی عێراق.

برایان هووک، لە وتووێژیکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنیی ''الحرە''  لە پێوەندی لەگەڵ سەفەری حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت  لە وڵاتی عێراق بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا کەڵک وەربگرێت و لە بیری بەرژەندیی وڵاتی عێراقدا نییە.

برایان هووک باسی لەوە کردووە کە مەبەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق ئەوەیە کە پێناسەی شیعە بە سەر خەڵکی عێراقدا بسەپێنێت.

بە وتەی هووک، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای پەرەپێدانی دزەکردنی خۆی و پێکهێنانی هیلالی شیعە  لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش  لە وڵاتی عێراق وەکوو کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێت.

ناوبراو گووتی: خەڵکی عێراق دەبێت مەبەستی سەفەری حەسەن ڕۆحانی بۆ وڵاتەکەیان، بەرەوڕووی پرسیار بکەنەوە کە بۆچی ڕێژیمی ئێران چارەسەرکردنی دۆخی خەڵکی عێراق سەرتر لە دۆخی خەڵکی خۆی دەزانێت.

هووک باسی لەوە کردووە که ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئاکامدا دەیەوێت وڵاتی عێراق بکات بە یەکێک لە پارێزگاکانی خۆی .

لە پێوەندی لەگەڵ قسەکانی هووکدا، سەرەتای مانگی ڕەشەممە سیاسەتمەدارێکی سونە مەزهەبی عێراق ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی ئێران پلانی هەیە بۆ ئەوەی کە شاری سامێرا لە عێراق داببڕێت و بیکاتە شارێکی ئایینی.

لەو بارەوە "ناجێح میزان"، سیاسەتمەداری سونە مەزهەب، گوتبووی، ڕێژیمی ئێران دەیەوێت گرووپی چەكداری سونە لە ناوچەكانی سامێرا، سەلاحەدین و ئەنبار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئامریكا دروست بكات.

ناوبراو، باسی لەوەش کردبوو، ئێران پلانی هەیە کە وەکوو دەمشق لە سووریە، کە مەزاری حەزرەتی زەینەبی لێیە، سامێراش بکاتە شارێکی ئایینیی شیعە مەزهەب.