کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی برایان هووک لە هەمبەر قسەی بەرپرسانی ڕێژیم

12:22 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، قسەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی، سەبارەت به گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانی ڕەت کردەوە.

برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وتوێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا، وێڕای ڕەتکردنەوەی قسەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت به گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر کەرتی دەرمان، هۆکاری سەرەکیی بۆ نەناردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئێران، بۆ پێڕەو نەکردنی یاسا نێونەتەوەیییەکان و هەبوونی کۆمپانیا سێبەرەکان لە لایەن بانکە ئێرانییەکانەوەی گەڕاندەوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا، وتوویەتی: خەڵکی ئێران به سەردانی ماڵپەڕەکان دەتوانن لەوە تێبگەن که خۆراک، دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان لە نێو گەمارۆوەکانی ئامریکادا نین.

برایان هووک بە ئاماژه به کۆمپانیا سێبەرەکان، وتوویەتی: گەورەترین کێشەی ئێمە دامەزرانی کۆمپانیا سێبەرەکان لە لایەن رێژیمی ئێرانە، که لە ڕواڵەتدا بە ناوی خێرخوازییەوە و لە ڕاستیدا سەر به سپای پاسدارانن.

برایان هووک بەرپرسایەتیی ئەم کێشانەی خستووەتە سەر شانی بەرپرسانی ڕێژیم و وتوویەتی: ئەوان لە جیاتی خەرجکردنی پارە بۆ سووریه دەتوانن خۆراک، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ خەڵکەکەی خۆیان دابین بکەن.

ئەم بەرپرسە ئامریکایییە، هەروەها سەبارەت به پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ڕایگەیاندووە: "ئەم ناڕەزایەتییانە لە ڕاستیدا پیشاندەری خواستی خەڵکی ئێران بۆ هەبوونی دەوڵەتێکە کە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بێت، ڕاشکاوانە دەڵێم: که ئامریکا زیاتر لە ڕێژیمی ئێران کاتی خۆی بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندیی خەڵک تەرخان دەکات".

 قسەکانی برایان هووک، کاردانەوەیەک به قسەکانی محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانە، که لە تویتێکدا نووسیبووی: ئامریکا گەمارۆی خستووەتە سەر خۆراک و دەرمان و هەروەها ناردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئێران.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بەردەوام هەوڵیان داوە، کە کەمتەرخەمیی خۆیان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک، بخەنە ئەستۆی ئامریکاوە.