کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کوژرانی فەخریزادە

17:37 - 8 سەرماوەز 2720

''موحسێن فەخریزادە'' بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران و یەکێک لە کەسانی پلەبەرزی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم کە ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز لە ''ئابسەرد''ی دەماوەند لە نزیک تاران کوژرا، کاردانەوەی بەرپرسانی ڕیژیمی ئێرانی بەدواوە بوو.

لەمبارەوە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکی کورتدا داوای سزادانی توندی بکەران و بڕیاردەرانی ئەو ڕووداوەی کرد، بەڵام ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵی ئیسرائیل نەکردووە.

''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە''ی بە داوی پیلانی ئیسرائیل بۆ ئاژاوەنانەوە ناو بردووە.

''ڕووحانی'' وتوویەتی: ''دوژمنانی ئێمە حەوتووەکانی پڕ لە دڵەڕواکێ تێپەڕ دەکەن، هەست دەکەن سەردەمی گوشارەکانیان کەم دەبێتەوە و بۆ ئەوان گرینگە کە لەم ڕۆژانەدا زۆرترین کەڵک وەرگرن''.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئێران لە کاتی گونجاو وڵامی ئەم کردەوە دەداتەوە.

هەروەها''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کوشتنی فەخریزادە دەستی هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێر و شورای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەیە وتوویەتی، نیشانەی جیددیی لەمەڕ دەست تێدابوونی ئیسرائیل لە کوژرانی ''فەخریزادە''دا بوونی هەیە.

هەتا ئێستا ئیسرائیل لەهەمبەر ئەم ڕووداوە هیچ قسەیەکی نەکردووە، بەڵام ساڵانی ڕابردوو میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردبوو کە موساد لە هەوڵی کوشتنی ''موحسێن فەخریزادە''دا بووە.