کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی سیاسەتوانانی ئاڵمانی لە هەمبەر هاتنەدەرەوەی ئێران لە بەرجام

18:35 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سیاسەتوانانی ئاڵمانی بەنیسبەت هاتنەدەرەوەی سنوورداری ئێران لە بەرجام و دروستبوونی بشێوی لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و ئاکامی ئەم هاتنەدەرەوەیە، نیگەرانن.

ڕۆڵف مۆتسێنیش، کارناسی کاروباری دەرەوەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، پێی وایه هەرچی توندئاژۆوەکان لە تاراندا نەیانتوانی خواستی خۆیان لە هەمبەر هاتنەدەرەوەی ئێران لە بەرجام بگەیێنە قۆناغی کردەوەیی، ئەم کارەی ئێران واته هاتنەدەرەوەی سنووردار، ناوچەکە زیاتر لە ڕابردوو ئاڵۆز دەکات و نەزمی نێونەتەوەییش لە نێو دەبات.

بە بڕوای ئەم سیاسەتوانە ئاڵمانییە، ئاڵمان لەگەڵ وڵاتانێک کە لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی لەگەڵ ئێراندا بەشدارییان کردووە، دەبێت هەموو هێزی خۆیان بۆ نەجاتی بڕوا بە ڕێکەوتننامەکە لە شۆرای ئەمنییەتدا وەگەڕ بخەن ، تەنانەت ئەگەر ڤێتۆی ئامریکاشی بەدواوە بێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئومید نووریپوور، نوێنەری بەڕەگەز ئێرانیی مەجلیسی ئاڵمان، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر مەبەست لە هاتنەدەرەوەی ئێران لە بەرجام سەبارەت بە بەندە دڵخوازانەکانی ئەم ڕێککەوتننامە بێت، ئەوە نیشان دەدات کە ئێران هەوڵ دەدات ئەم ڕێککەوتننامە نەجات بدات.

ناوبراو هەروەها وێڕای ئاماژە بە دژواربوونی چارەسەریی کێشەیەک کە لایەنێکی میزی وتووێژی بەجێ هێشتووە و لایەنەکەی دیکەشی دەیەوێت میزکە بەجێ بێڵێت، جەختی لە گرینگیی بەرجام بۆ ئورووپا کردووەتەوە و وتوویەتی: "ئێمە وەکوو ئورووپایییەکان، بەتەواوەتی لایەنگری مانەوەی بەرجامین، بەرجام گرینگترین لەمپەر بۆ ناوکیبوونی ڕۆژهەلاتی ناوینە و نە تەنیا ئێران، بەڵکوو ئێمەش دەبێت هەموو هێزمان بۆ نەجاتی بەرجام وەگەڕ بخەین.