کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارمەندێکی زیندانی ورمێ بەهۆی وەرگرتنی٢٠٠ ملیۆن تمەن بەرتیل دەسبەسەر کرا

18:47 - 22 خەرمانان 2720

"ئەفشار قۆرغچی" کارمەندی بەشی ئیداریی زیندانی ورمێ بەهۆی گەندەڵیی ئیداری و وەرگرتنی ٢٠٠ ملیۆن تمەن بەرتیل، دەسبەسەر کراوە.

ئەو کارمەندەی زیندانی ورمێ هەتا ئێستا لە زینداندایە و دادوەری دادگای ورمێ بارمتەی ئازادکردنی قەبووڵ نەکردووە و هەتا کۆبوونەوەی دوایی دەبێ لە گرتنگەدا بێت.

لە دۆسیەی ناوبراودا هاتووە، وەرگرتنی پارە و بەرتیل لەلایەن کارمەندانی زیندان، دادوەر و دادگاکانی ڕێژیمەوە بووەتە هۆی قووڵبوونی زیاتری کەلێنی چینایەتی لەنێو زیندانەکاندا و ئەو زیندانییەی پارەی ببێت چیتر لە زینداندا ڕاناگیرێت.

پێشتریش "پەیمان خانزادە" جێگری سەرۆکی زیندانی ژنان لە ورمێ بەهۆی بێ‌ ئەخلاقی و کەڵکاوەژۆ کردن لە بنەماڵەی زیندانییان لە چاوپێکەوتنە شەرعییەکانی ئەو زیندانەدا، دەسبەسەر کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسی حیفازەتی ئیتلاعات بەهۆی بێ ئەخلاقییەوە لەسەر کارەکەی دەر کرابوو.

هەروەها "عەلیڕەزا سەفەری" سەرۆکی زیندانی ورمێ لە ساڵی ٩٤ و ٩٥دا بەهۆی پەیوەندیی ناشەرعی لەگەڵ زیندانییە ژنەکاندا بە بێ ئەخلاقی تاوانبار کرابوو.