کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ئابووری وتوویانە، سڕینەوەی چوار سیفر لە دراوی ئێران هەوڵێکی نمایشییە

12:29 - 17 بانەمەڕ 2720

پەسەندکردنی گەڵالەی سڕینەوەی چوار سیفر لە دراوی ئێران و گۆڕینی یەکەی ڕیاڵ بۆ تمەن لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانەوە، لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە بە هەوڵێکی نمایشی وەسف کراوە و تەنیا تێچووەکان زیادتر دەکات.

دوای ئەوەی کە نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ڕەشنووسی چاکسازیی یاسای دراو و بانکیی ئێرانیان بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە کاردانەوەی لێکەوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕەشنووسه، یەکەی دراوی ئێران لە ڕیاڵەوە دەگۆڕدرێت بۆ تمەن و چوار سیفر لە دراوی ئەو وڵاتە دەسڕدرێنەوە.

''ئێحسان سوڵتانی''، لێکۆڵەری ئابووری، باسی لەوە کردووە، لە دۆخی نالەباری ئابووری، ڕاوەستانی کار و کاسبییەکان، ڕانتخۆری و ئەو کەلێنانەی کە لە بازاڕی بورسی ئێران هاتووەتە پێش، پەسەندکردنی ٤ سیفر لە دراوی ئێران هەوڵێکی نمایشی بووە هەتا هەندێک بیسەلمێنن کە بێکار دانەنیشتوون و لە حاڵی چارەسەرکردنی دۆخی ئابووریی ئێرانن.

ناوبراو وتوویەتی، کاتێک کە هەڵاوسان لە حاڵی کۆنترۆڵکردندا بوو دەبا ئەم گەڵاڵەیە کاری لەسەر کرابایەت، نەک لە ئێستادا کە هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.

بە وتەی ناوبراو، ئەم گەڵالەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئابووری تەنیا تێچووەکان زیاتر دەکات.