کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ئامریکایی: ئێران دامەزراوەیەکی چەکی ناوکیی شاراوەی هەیە

12:49 - 22 خاکەلێوه 2720

گرووپێک لە کارناسانی ئامریکایی ناوەندی زانست و تەناهیی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بنکەیەکی شاردراوەی پەرەپێدانی چەکی ناوکیی هەیە.

"ناوەندی زانست و تەناهیی نێونەتەوەیی"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، لە ڕاپۆرتێکدا کە سەبارەت بە هەبوونی دامەزراوەیەکی چەکی ناوکی لە ئێراندا بڵاوی کردەوە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە دان بە هەبوونی ئەو پایەگایەدا بنێت.

لە ڕاپۆرتێکی "ناوەندی زانست و تەناهیی نێونەتەوەییـ"ـدا هاتووە کە بەپێی ئارشیڤە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کە ساڵی ٢٠١٨ ئیسرائیل بەدەستی هێناوە، ڕێژیمی ئێران بەپێی پرۆگرامی "ئاماد"، کارگەی "مەحەلاتیـ"ـی لە نزیکیی تاران بۆ پەرەپێدان بە پیتاندنی ئورانیۆمی پێویست بۆ چەکی ناوکیی داناوە.

پرۆگرامی "ئاماد"، ئاماژەیەکە بە پلانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوکی لەو دامەزراوەیەدا کە وەکوو ناوەندێکی تاقیکارییە بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی ئورانیۆمی چەکی ناوکی.

"ئالبرایت" لە ڕۆژنامەی "واشێنتۆن فری بیکێنـ"ـدا وتوویەتی: "ئەو ناوەندە تا پێش ئەمە بە شێوەی ئاشکرا دەرنەکەوتووە و بە ئەگەری زۆرەوە وڵاتانی ڕۆژئاوایی تا پێش بەدەستهێنانی بەڵگە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بە دەستی  ئیسرائیل، لە هەبوونی بێ ئاگا بوونە".

ئەو ناوەندە هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەو ناوەندە ناوکییەی ڕێژیمی ئێران، بە ڕوونی نیشانی دەدات کە ڕێژیمی ئێران نەک بە شوێنی پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکییەوە بەڵکوو بەدوای دروستکردنی بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییەوەیە.