کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران دەبێ ئێعدامی حەیدەر قوربانی هەڵبووەشێنێتەوە

12:52 - 13 خەرمانان 2721

''جاوید ڕەحمان'' ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، وێڕای چەندین کارناسی دیکەی مافی مرۆڤ لەو ڕێکخراوەیە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە ئێعدامی ''حەیدەر قوربانی'' ڕابگرن و ئەو حوکمە هەڵبووەشینەوە.

ئەو کارناسانە وتوویانە: '' بەرپرسانی ئێران دەبێ بە زووترین کات ئێعدامکردنی حەیدەر قوربانی ڕابگرن، حوکمەکەی هەڵبووەشێنەوە و سەر لە نوێ بەپێی یاسا نێونەتیوەییەکان پێداچوونەوە بەسەر حوکمەکەدا بکرێت''.

"حەیدەر قوربانی"، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆر" یچەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.

کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە: '' ئێمە زۆر لەوە نیگەرانین کە حەیدەر قوربانی لە ئاکامی ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ، دانی بەو تاوانە دانابێت''.

ئەو کارناسانە هەروەها لە بابەت دەستپێڕانەگەیشتنی ''حەیدەر قوربانی'' بە پارێزەر لە ڕەوتی لێپێچینەوە و دەسپێرانەگەیشتنی پارێزەر بە دۆسییەی ناوبراو لە ڕەوتی دادگاییکردنیدا نیگەرانییان دەر بڕیوە.

بە وتەی کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگای داخە ڕێژیمی ئێران هەروا درێژە بە حکومی ئێعدام دەدات، ئەو کارە بە تایبەت کاتێک جێگای نیگەرانییە کە حوکمی ئێعدام لەگەڵ پێوەرەکانی یاسای نێونەتەوەیی تەبایی نەبێت.