کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاروانێکی کامیۆنە نەوتییەکانی ئامریکا لە عێراق هێرشی کرایە سەر

12:13 - 22 پووشپەڕ 2720

٣ کامیۆنی نەوتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە عێراق لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرشیان کرایە سەر و تەقێندرایەوە.

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، گرووپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ٣ کامیۆنی ترەیلیی نەوتکێشی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەی "ئەلنەجمی سەماوە" لەنێوان شارەکانی "سەماوە" و "دیوانییە"دا.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو چەکدارانە شۆفێری کامیۆنەکانیان کە عێراقی بوون دابەزاندووە و کامیۆنەکانیان گڕ تێبەرداوە.

سەرچاوەکان باسیان کردووە کە ئەو کامیۆنانە کە بوونەتە ئامانجی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە، خەریکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجێستیکی لەنێوان شارەکانی "سەماوە" و "دیوانییە"دا بووە کە بۆ پشتیوانیی باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا نێردراوە.

"مستەفا ئەلکازمی" سەرۆکوەزیرانی عیراق، ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، جەختی کردەوە کە بە هیوایە کە خەڵکی عێراق لەدەستی باندە تێرۆریستییەکان ڕزگار بکات و ئەو گرووپە تێرۆریستییانە بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە.

هەندێک لە سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ئەنجام دراوە و "فاکس نیووز"یش ڕایگەیاندووە کە "حیزبوڵڵای لوبنان" ئەو هێرشانەی وەئەستۆ گرتووە.