کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر کەرتی گواستنەوەی بار لە کوردستاندا

12:44 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر هەموو جومگە ئابوورییەکانی ئێران کاریگەریی نەرێنی داناوە، بەڵام ئەم کاریگەرییە نەرێنییە لەسەر کەرتی گواستنەوەی بار زیاترە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە دوو قۆناغی جیاوازدا، لەسەر بواری گواستنەوەی بار لە سەر سنوورە دەسکردەکانی کوردستان، کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاوی داناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەم بارەوە بە کوردستان میدیا ڕاگەیاندووە: کە ماشینە بارهەڵگرەکان، لە شاری بەندەر عەباسی ئێران، دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕوان بکەن هەتا بارێکیان دەست بکەوێت و بیگوازنەوە سەر سنوورە دەسکردەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان.

هەر ئەم سەرچاوەیە، باس لەوە دەکات، ئەم حاڵەتە پێش گەمارۆوەکانی ئامریکا و وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی ئەم گەمارۆوانە، زۆر بەرچاو نەبوو و بە ڕادەیەکی زۆر بار بۆ ماشینە بارهەڵگرەکان هەڵ دەکەوت کە ترانزیتی دەرەوەی بکەن، بەڵام لە ئێستەدا دۆخەکە زۆر قەیرانییە.

گەمارۆوەکانی سەر رێژیمی ئێران بە هۆی سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی ئێران بەتایبەت سیاسەتی ناوکیی ڕێژیم و پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، لە لایەن ئامریکاوە، پاش هاتنە سەر کاری دانڵد ترامپ وەگەڕ خراوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئامریکا، ئەم گەمارۆوانە تەنیا بە مەبەستی گۆڕێنی سیاسەت و هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە ئێران و ناوچەکەیە، بەڵام هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بەدی ناکرێت و تەنیا دووکەڵی ئەم گوشار و گەمارۆوانە لە چاوی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران دەڕوات.