کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەبا بۆ پڕبەکارهێنەران ١٦ لەسەد گران دەبێت

12:16 - 15 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری پلانداڕێژی و کاروباری ئابووریی تەوانیر، باسی لە هەڵکشانی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کردووە، کە بڕیاری گرانبوونی کارەبای بۆ پڕبەکارهێنەرانی بەدواوەیە.

جێگری پلانداڕێژی و کاروباری ئابووریی تەوانیر، "موحسن بەختیار"، ڕایگەیاندوو: "بەکارهێنانی کارەبا لە ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٧ هەزار و ٤٠٠ مێگاوات و بەکارهێنان بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو، نزیک بە ٤ تا ٥ لەسەد و لە هەندێک ناوچەدا، زیاتر لە ١٢ لەسەد هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

هەروەها وتوویەتی: ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆکاریک بۆ هەڵکشانی ڕێژەی بەکارهێنانی کەرەبا لە تەواوی ئەو وڵاتەدا.

بە وتەی ناوبراو، لە ٣٠ میلیۆن بەکارهێنەر لە ئیراندا، سێ میلیۆن کەسیان پڕبەکارهێنەرن.

بەختیار باسی لەوە کردووە، ئەمساڵ بۆ پڕبەکارهێنەران کە زیاتر لە ڕێژەی دیاریکراو کارەبا بەکار دەبەن، نرخەکان ١٦ لەسەد گرانتر دەبن.

هەروەها، بەپێی لیستەیەک کە ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن شیرکەتی کارەباوە بڵاو کرابووەوە، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا جیرەبەندیی کارەبا دەستی پێ کردووە و بەپێی ئەو لیستەیە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە ڕۆژدا، کارەبایان دەپچڕێت.