کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەسات لە دوای کارەسات لە سەرپێڵ ڕوو دەدات

12:27 - 4 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لێقەوماوانی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو جارێکی دیکەش تووشی کارەسات بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دۆخی نەشیاوی ژیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان، بەتایبەت کەمپە کاتییەکان لە ناوچەی سەرپێڵ بەردەوام کارەساتی بەسەردا دێت و هەواڵی ناخۆشی لێ بڵاو دەبیتەوە.

ئێوارەی دوێنێ ٥شەممە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان لە گەڕەکی فەرهەنگییانی سەرپێڵی زەهاو کەپسوولێکی گاز تەقییەوە کە بەهۆیەوە دەیان کانێکس و خێوەت کە وەک شوێنی نیشتەجێ‌بوونی کاتیی بوومەلەرزەلێدراوان دابین کرابوو ئاگریان گرت و هەموو کەلوپەل و شتومەکەکانیان لە ئاگردا سووتان.

ئەمە یەکەم جار نییە کە خەڵکی خەساردیتووی سەرپێڵ کارەساتی وایان بەسەردا دێت و پێشتریش بە هۆکاری هاوشێوە بەشێک لەم خەڵکە بەڵادیتووە تووشی خەساری گیانی و ماددی بوون و هانایان بۆ چالاکانی مەدەنی کوردستان برد.

سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر کارەساتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، خەڵکی بەڵالێدراو لە ناوچەکانی وەک سەرپێڵی زەهاو و داڵاهو بە سەختی ژیان بەسەر دەبەن؛ ئەم ڕەوشەش وای کردووە کە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٣٠%ی بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵی‌زەهاو ناچار بن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

چاودێران و میدیاکارانی ناوچەی سەرپێڵ پێیان وایە کەمتەرخەمییە بەئەنقەستەکانی ڕێژیم لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، باری خراپی ژیان، بێبەشبوون لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و هاتنی وەرزی گەرما بوونەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵی‌زەهاو، هیوایان بە ژیان لە زێدی خۆیان نەمینێت و دەرفەتێک بدۆزنەوە بۆ کۆچ لەو ناوچەیە.