کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتی لافاو و ئیرادەی نەتەوەییی خەڵکی کوردستان

13:42 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ‌کارەساتی لافاوەکان لە ڕۆژانی ڕابردوو لە دوو پارێزگای لوڕستان و ئیلامدا و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییانی کوردستان جارێکی دیکە ئیرادەی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستانی سەلماندەوە.

پاش ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە، لە ناوچەیەکی باکووری ئێران، ناوچەکانی پارێزگای خووزستان لە هەرێمی ئەهوازدا، ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی تری ئێران، لافاوێکی کارەساتبار و ماڵوێرانکەر ڕووی دا و زەرەر و زیانێکی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاند، ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران وەکوو سیاسەتی هەمیشەییی خۆی کە لە ڕووداوە کارەساتبارەکاندا کەڵکاژۆ وەر دەگرێت، ئەو ڕووداوەشی بە دەرفەتێکی گونجاو زانی و بە شێوەیەکی هەلپەرەستانە لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی کەڵکاژۆی لەو ڕووداوەش وەرگرت.

لە کاتی ڕووداوی لافاوانەکان لەو ناوچانەدا، بەرپرسان و بەتایبەت بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، دامودەزگا و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچە لافاولێدراوەکان، لە جیاتی ڕزگارکردنی گیانی خەڵک و بەهاناچوونی لێقەومانی ئەو ڕووداوە زیانبارە، تەنیا لە هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی خۆیاندا بوون و نەتەنیا هیچ ئاوڕێکیان لەو خەڵکە نەدایەوە، بەڵکوو هیچ کەرەستەیەکی پێویستیش بۆ پێشگرتن لە زیانی زۆرتری ئەو لافاوە لەو ناوچە لافاولێدراوانە دابین و تەرخان نەکران و بەم هۆکارەشەوە، بەپێی ئامارە نافەرمییە بڵاوکراوەکان زیاتر لە ۱۰۰ کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە سەدان کەسیش بریندار بوون.

شارەزایان ئەندازیاری و ئاوەدانکردنەوە لەسەر چۆنییەتی ڕوودانی ئەو لافاوە کارەساتبارە و پێشگرتن پێشوەختە بەو جۆرە ڕووداوانە ڕای جۆراوجۆریان بڵاو کردووەتەوە و لەم بارەوە پێیان وایە کە هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی ڕوودانی ئەو لافاوانە لە ناوچەکانی ئێران، ناستانداردبوون و نایاساییبوونی پرۆژکانی ڕێژیم و بەتایبەت پرۆژەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە دوورن لە یاسا و ڕێساکانی ئەندازیاری.

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە ڕووداوەکان و بایەخ نەدانی ڕێژیم بە لێقەوماوانی لافاوەکان بەتایبەت لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەرەوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ناوچە زیانپێگەیشتووەکانی کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "زاگرۆس چەشەڕەموونە (زاگرۆس چاوەڕێمانە)"، ڕێک خست و لەم ڕێگایەوە هەوڵەکانی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکان و گەیاندنیان بە خەڵکی ئەو دوو پارێزگایه و بەتایبەتی پارێزگای لوڕستان کە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، خستە گڕ و جارێکی دیکە ئیرادەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە بەرانبەر داگیرکەراندا سەلماند.

وێڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕێکخراو و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەتایبەتی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەوڵی زۆریان دا هەتاکوو ئەو کەمپەینە بەلاڕێدا ببەن و خەڵک یارمەتییەکانی خۆیان بە ناوەندەکانی ڕێژیم بسپێرن، بەڵام بەپێچەوانەی هەوڵەکانی ڕێژیم، خرۆشانی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان بەرەو هاودڵی و هاوسۆزیی لەگەڵ لێقەوماوانی ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵات و کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خۆیان لەو کەمپەینەدا،  جارێکی تر شکستیان بە هەوڵە قیزەونەکانی ڕێژیم هێنا.

بەم هۆکارەشەوە هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، دەستیان کرد بە ئازاردانی ئەندامان و بەتایبەت بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە و بەربەست دروستکردن بۆ کار و چالاکییەکانیان و پێشگرتن بە گەیاندنی یارمەتییەکان بە ناوچە کارەساتبارەکان و بەتاڵانبردنی ئەو یارمەتییە کۆکراوانەی خەڵک، کە لەگەڵ بەربەرەکانێ و بەرخۆدانی خەڵک ڕووبەڕوو بوونەوە و بەم هۆیەشەوە ڕێژەیەکی زۆر لە لاوانیان تەنیا بە تاوان بەڕێوەبردنی ئەرکی مرۆڤدۆستانە و بەهاناوەچوونی ئەو لیقەوماوانە کە لە ڕاستیدا ئەرکی خودی ڕێژیم بوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانیان کرد.

هەر بەم بۆنەوە لە شارەکانی باشووری کودستان چەندین کەمپەینیان بۆ کۆکردنەوە یارمەتییەکان بۆ لێقەوماوانی ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان و ئیلام ڕێک خست و ڕەوانەی ئەو ناوچەیان کرد، کە دەروازە سنوورییەکانی ڕێژیم بە بڕیاری سپای تێرۆریستی پاسداران، پێشیان بە کاروانی یارمەتییەکانی باشووری کوردستان گرت.

لەو پەیوەندییەشدا هاونیشتمانیانی ڕۆژاوای کوردستان، بە شێوەی جۆراوجۆر هاوسۆزی و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ لێقەوماوانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم پێشی بە یارمەتییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق گرت، پاش بیست ڕۆژ تێپەڕبوونی ئەو کارەساتە، هێزە تێرۆریستییەکانی حەشدی شەعبی لەسەر بڕیاری تێرۆریست قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە بیانووی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو و زیانپێگەیشتووانی ئەو لافاوە، لەو ناوچانە جێگیر کران.

لەم بارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز ڕایگەیاند، لە ڕاستیدا ئەو هێزە میلیشیا چەکدارانەی حەشدی شەعبی، لەسەر داوای سپای تێرۆریستی پاسداران هاتوونەتە ناوچە لافاولێدراوەکان، تاکوو بە یارمەتی هێزه سەرکوتکەرەکانی سپا چاوەدێریی دۆخەکە بکەن و لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر شێوەیەک لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەو ناوچانەدا، بە هاوکاریی هێزە سەرکوتکەرانی سپای تێرۆریستی پاسداران ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکەن.

دوای ئەوەی کە نزیک بە یەک مانگ لە تێپەڕینی ئەو لافاوانە و ئاوڕنەدانەوەی هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم، تێرۆریست قاسم سلێمانی، بە بیانووی هاوسۆزی و هاودەردیی سەردانی ئەو ناوچانە کرد، بەڵام لە ڕاستیدا سەردانەکەی قاسم سلێمانی بە مەبەستی ڕێکخستنی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بوو.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا، وێڕای ئەوەی کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان، پێداگری لەسەر ئیرادەی نەتەوەییی خۆیان کردووە و هەستی بەرپرسایەتیی نیشتمانی و بەرێوەبردنی ئەرکە مرۆڤدۆستانەکان لە ئاست هەر ڕووداو و کارەساتێکدا بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی ناوچە لێقەوماوەکانیان سەلماندووە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێندرێت کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە کاتی کارەساتەکاندا لە نیشتمانی داگیرکراوی نەتەوەبندەستەکانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەتی لە کوردستاندا، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵ و بەرنامەیەکی نابێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کارەساتەکان و هیچ بایەخێک بە خەڵکی لێقەوماو نادات، بەڵکوو کارەساتەکان وەکوو دەفەرتێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە قێزەونەکانی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

ئامادەکار: کاروان مێراوی