کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتێکی ژینگەیی لە کەهگیلۆوییە و بۆیەرئەحمەد ڕووی داوە

14:01 - 10 جۆزەردان 2720

پاش ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی گەچساران و سووتانی بەشێکی زۆر لەو ناوچەیە ئێستاش ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی پارێزراوی خائیز بووەتە هۆی ڕوودانی کارەساتێکی ژینگەیی.

پاش ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی "گەچساران" لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" کە ماوەی ٥ ڕۆژ درێژەی هەبوو، پێدەشتەکانی ناوچەی پارێزراوی "خائیز" لە پارێزگای کەهگیلۆوییە و بۆیەرئەحمەد، بوو بەهۆی سووتانی ٢٠٠ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە و هاتنە ئارای کارەساتێکی ژینگەیی.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی ناوچەی "خائیز" بوو بەهۆی لەنێوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی گژوگیا و ئاژەڵە ناوازەکانی ئەو ناوچەیە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەر، لە ناوچەی پارێزراوی "چاهـ ڕیگ" سەر بە "بێهبەهان" دەستی پێکردووە و لە کۆتاییەکانی شەودا گەیشتووەتە نزیکیی "ئاو کاسە" لە ناوچەی پارێزراوی کەهگیلۆوییە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هەتاکوو ئێستاش بەردەوامە و سەختاویبوونی ناوچەکە و نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بووەتە هۆی تەشەنای زیاتری.

"محەممەد عەلی ئارووس"، جێگری فەرمانداری ڕێژیم لە کەهگیلۆوییە، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەشەممە، ڕایگەیاندبوو کە ناوچەی پارێزراوی خائیز لە "دۆخی لەڕادەبەدەر قەیراناویـ"ـدایە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە ئەوەندە بەربڵاوە کە لە کۆنترۆڵی پارێزگادا چووەتە دەرەوە و بەڕێوبەریی قەیرانی وڵات دەبێ بێتە مەیدان.

ناوچەی "خائیز" زیاتر لە  ٣٣ هەزار و ٣٨٥ هێکتار ڕووبەریەتی و لە بەفرانباری ساڵی ١٣٧٧ی هەتاویدا، چووەتە ڕیزی ناوچە پارێزراوەکانی ئێرانەوە.

ئێستاکە ئەو ناوچەیە کە لە ڕووی گژوگیا و گیانلەبەرانی نایابەوە شوێنێکی گرینگە، لەگەڵ قەیرانێکی جیددی و هەڕەشەی لەنێوچوون بەرەوڕوویە.