کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرگەی لافاو ناگرن

09:25 - 30 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: باران و رەشەبای رۆژی یەکشەممە ٢٩ی رەزبەر لە کوردستان، وێرانیی زۆری لێکەوتەوە.

بە پێی زانیاری و هەواڵە بڵاوبووەکان، رۆژی یەکشەممە ٢٩ی رەزبەر لە زۆربەی شارەکانی کوردستان باران و هەورە برووسکەیەکی توند هاتوە و بە هۆی بارانەوە ئاوی زۆر هەستاوە و زۆر کۆڵان و شەقامی تەنیوە.

بارینی پاییزی لە کوردستان لە ناکاو دەستی پێکردووە و هەرچەند لە چەند شوێنی دیکە لە ئێران بارینی زۆر هەبووە، بەڵام باران بارین لە کوردستان زۆرتر بووە و ئەم بارانە بەخوڕە، بۆتە هۆی هاتنی لافاوی لەناکاو لە نێو شارەکاندا.

دۆخی شارسازی و وەزعی شەقام و گۆڕەپانەکان لە شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکە کە لەگەڵ کەشی بارانی و شارسازیی تایبەت بە وەها کەشوهەوایەک نایەتەوە و شارەدارییەکان لەوبارەوە ئێجگار کەمتەرخەمن و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ پێوەرێکی شارسازیی ستاندارد لەو بارەوە نەک رەچاو ناکا، بەڵکوو هیچ خزمەتگوزاریەکیش بە شارەکانی کوردستان ناگەیەنێ.

بە پێی زانیارییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لافاوی رۆژی ٢٩ی رەزبەر خەسارێکی زۆری بە شارەکان گەیاندووە و ژیانی ئاسایی خەڵکی تووشی گرفت کردووە؛ لە شاری مێهران، لە پارێزگای ئیلام رەشەبا و تۆفان، خەسارێکی یەکجار زۆریان لە شار داوە کە زیانی ماددی فراوان و زیانی گیانیشی بەدوادا بووە و بۆتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چەندین کەسی دیکە.

لەکاتێکدا کە شارەکانی کوردستان لەباری شارسازی و خزمەتگوزاریی شارییەوە بێ ئیمکاناتن و رێژیم هەموو سەرمایە و سامانی کوردستانیش بەتاڵان دەبا و هیچ خزمەتێکی مەدەنی بە شاریش ناگەیەنێ، لە هەمان کاتدا بە میلیار دۆلار خەرجی مانەوەی بەشار ئەسەد و پەرەدان بە گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکا.